لە ئیسفەهان دژی کەمیی ئاو خۆپێشاندان دەکرێت و گرژی تێدەکەوێت
رووداو دیجیتاڵ
ئیسفەهانییەکان دوو هەفتەیە لە نزیک زایندەروود گرددەبنەوە و داوا دەکەن ئاو بۆ ژیاندنەوەی ئەو رووبارە تەرخان بکرێت.
حکومەتی ئێران هەینی رابردوو رایگەیاند، کێشەکە چارەسەر دەکات، بەڵام ئەو بەڵێنە ناڕازییانی رازی نەکردووە.
خۆپێشاندەرێک لە ئیسفەهان دەڵێت، "حکومەت با بزانێت، ئێمە رەشایی نین. داوای مافی خۆمان دەکەین و تەنانەت ئەگەر گیانیشی لەسەر دابنێین، تاوەکو کۆتایی رێگە لەسەر داواکردنی مافمان بەردەوام دەبین."
پڕئاو بوونی زایندەروود بۆ کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری ئیسفەهان زۆر گرنگە، بۆیە دانیشتووانی پارێزگاکە بە تووندی پێداگری لەسەر دەکەن.
سەرچاوەی ئاوی ئەو رووبارە، کوێستانەکانی زاگرۆسە. گواستنەوەی ئاو، ناوچە پڕ ئاوەکانیشی تووشی کێشە کردووە. یەک لەوانە چوارمەحاڵ و بەختیاری. دانیشتووانی ئەو پارێزگایە دەڵێن، بە ئاوی ئەوان، دەشتەکانی ئیسفەهان و یەزد ئاوەدان کراونەتەوە، بەڵام بەشی خواردنەوە، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری ئاو بە خۆیان نادرێت.
شارەزایان دەڵێن، وشکەساڵی تەنیا هۆکاری سەرهەڵدانی قەیرانی کەمئاوی نییە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان. هۆکارێکی سەرەکی دیکە، سیاسەتی حکومەتی ئێرانە بۆ وەبەرهێنانی پیشەسازی و کشتوکاڵییە لە پارێزگا ناوەندییەکانی ئەو وڵاتە و گواستنەوەی ئاو بۆ ئەو ناوچانەیە.
د. رێباز قوربانی نژاد، شارەزایەکی جوگرافیا دەڵێت، گەشەپێدانی کشتوکاڵ لەو وڵاتانەی کە تووشی کەمیی ئاو بوون، خۆی جۆرێکە قەیران دروستدەکات، واباشترە بەشێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە دەرەوەی وڵاتەکە هاوردەبکرێن.
ناڕەزایەتی بە کەمبوونی ئاو لە وەرزێکدا سەریهەڵداوە کە کەمترین پێویستی بە ئاو هەیە. ئەگەر کێشەکە تاوەکو بەهار چارەسەر نەکرێت، لەوانەیە زۆر فراوانتر بێت.