بەشێکی بەرچاو لە رووبار و کانیاوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وشک بوون
رووداو دیجیتاڵ
رووبارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خوڕە و هاژەی جارانیان نەماوە، کانیاوەکانیش وەکو جاران سازگار نین، ئەویش بەهۆی ئەو گۆڕانکارییەی لە کەشوهەوای جیهاندا روودەدات.
زۆر لە رووبار و کانیاوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وشک بوون. بۆ نموونە، تەنیا لە پارێزگای کرماشان، بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو، ئاوی رووبارەکان بە رێژەی 60%، ئاوی ژێر زەوی نزیکەی 30% و ئاوی کانیاوەکانیش 70% کەمیان کردووە. ئەمساڵ رێژەی بارانبارین بەراورد بە ساڵی رابردوو نزیکەی 30% کەمی کردووە.
بە قەرەبووکردنەوەی کەمیی ئاو خەڵک پەنایان بردووەتە بەر هەڵکەندنی بیری ئاو بۆ کشتوکاڵ. ئەمە تەنیا بە شێوەی کاتی کێشەی جووتیاران چارەسەر دەکات، بەڵام لە درێژماوەدا کارەساتی لێ دەکەوێتەوە. لە پارێزگای سنە، بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوە ناوچەییەکان، 14 هەزار بیری ئاوی یاسایی و حەوت هەزار و 500 بیریش بە شێوەی نایاسایی لێدراون.
بیر لێدان ئەگەر چارەسەری گرفتی کەمئاوی بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ بکات، بەڵام لە هەمانکاتدا کارەساتی سرووشتیشی بەدوادا دێت، چونکە حەوزەکانی ئاو بەتاڵ دەبن، لە ئەنجامدا زەوی دەنیشێت و رۆدەچێت، کاتێکیش زەوی رۆچوو، کۆگاکان پڕ خاک و خۆڵ دەبن و ئەگەر بارانیش زۆر ببارێت سوودی نابێت، چونکە شوێنێک نییە ئاوی تێدا پاشەکەوت بکرێت.
حکومەتی ئێران ساڵانێکە لە هەوڵدایە بەسەر قەیرانی ئاودا زاڵ ببێت. دروستکردنی بەنداوەکان و گۆڕینی رێڕەوی ئاو گرنگترین رێکارەکانن بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانی ئاو. تەنیا لە پارێزگای سنە 18 بەنداو هەن. دروستکردنی بەنداو گۆڕانکاریی لە ئیکۆسیستەم و ژینگەی ناوچەیەکی بەریندا دروست دەکات، تەنانەت دەتوانێت هۆکاری لافاوی گەورە بێت، وەکو چۆن لە بەهاری 2019 لە لوڕستان روویدا.
گواستنەوەی ئاویش لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە کێشەدارە. گواستنەوەی ئاو بە تونێل لە ناوچەی ئەلیگودەرز لە پارێزگای لوڕستان بۆ پارێزگای قوم کاریگەریی لەسەر ئاوی ژێر زەویی ئەو ناوچەیە هەبووە.
وشکەساڵییەکان و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا رەوتی بەبیانبوونی لە ئێران پەرەپێداوە، ئەم دیاردەیە لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانیش هەیە. لە ئێرانیش 17 پارێزگا لەژێر هەڕەشەی بەبیابانبووندان، کە نزیکەی 70%ی دانیشتووانی ئێرانیان تێدا دەژی.
گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە 10 ساڵی رابردوودا کەشوهەوای ئێرانی دوو پلە گەرمتر کردووە، بەڵام پێشبینیی کەشناسیی ئێران بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان کارەساتبارترە. بەپێی راپۆرتی کەشناسی، ئەم هاوینە کەشوهەوای پارێزگاکانی ورمێ و سنە لە نێوان 3 تاوەکو 6 پلە گەرمتر دەبن. رۆژهەڵاتی کوردستان رەنگە رۆڵێکی لە گەرمبوونی کەشوهەوای زەویدا نەبێت، بەڵام قوربانییەکی گەورەیە.