لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پێکهێنانی ژیانی هاوبەش کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێکهێنانی ژیانی هاوبەش کەمیکردووە، لە بەرامبەردا جیابوونەوەی هاوژینەکان زیاتر بووە. بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، لە ساڵی 2019دا بەراورد بە ساڵی 2015 رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەو وڵاتە 40% کەمیکردووە. لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رێژەکە نزیکەی 31%ـە.
ئەمیر حوسێن قازیزادە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، 12 ملیۆن گەنجی ئێرانی لە تەمەنی هاوسەرگیریدان. سەرەڕای ئەو هۆشدارییانەی خولە جیاوازەکانی پەرلەمان بە حکومەتیان داوە، بەڵام هێشتا بەڵێنەکانی حکومەت بۆ هاوسەرگیریی گەنجان جێبەجێ نەکراون.
ملیۆنێک و 500 هەزار ئێرانی خەریکن دەگەنە تەمەنێک کە ئیدی توانای هاوسەرگیرییان نەمێنێت.
پسپۆڕانی کۆمەڵایەتی نەبوونی خولیای هاوسەرگیری لەنێو گەنجانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا بە زیانێک دەزانن کە چەندین هۆکاری جیاوازی هەیە.
سەرەڕای نەبوونی کار بۆ گەنجان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، داڕمانی ژێرخانی ئابوورییش بە گرینگترین هۆکاری پێکنەهێنانی ژیانی هاوبەش دادەنرێت. ئەوەیش هۆکارێکە کە کاریگەریی زۆری لەسەر جیابوونەوەی هاوژینەکانیش هەبووە.
جیابوونەوەی هاوژینەکان و کەمبوونەوەی رێژەی هاوسەرگیری لە چەند مانگی رابردووشدا و دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانی زۆری لێکەوتووەتەوە. بێکاربوونی رێژەیەکی زۆری خەڵک بەهۆی کەرەنتینە و داخرانی کارگە و کارخانەکانەوە بووەتە هۆی زیانێکی گەورە لە باری خێزانیی خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.
لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە پارێزگای ورمێ رێژەی جیابوونەوە 46% بووە و رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیش 44% کەمیکردووە. 779 کەس جیابوونەوە و سێ هەزار و 595 گرێبەستی هاوژینییش تۆمارکراون.
هەروەها لە کرماشانیش رێژەی جیابوونەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و لە سێ گرێبەستی هاوژینیدا یەکێکیان ئەنجامەکەی جیابوونەوە بووە.
لە پارێزگای لۆڕستانیش بە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی پار، پێکهێنانی ژیانی هاوبەش کەمیکردووە. پرە چوار هەزار و 604 گرێبەستی هاوسەرگیری کرابوون کە ئەمساڵ بۆ چوار هەزار و 206 گرێبەست دابەزیوە. هەروەها پار 878 دۆسیەی جیابوونەوە تۆمارکرابوو، ئەمساڵ بۆ 920 دۆسیە بەرزبووەتەوە.
تێکچوونی شیرازەی خێزان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆخێێکدا لەلایەن بەرپرسانی حکومەتەوە پشتگوێ خراوە کە ئامارە فەرمییەکانی ئێران باس لە رەوتی پیربوونی کۆمەڵگەی ئێران لە ماوەی 30 ساڵی داهاتوودا دەکەن و وەکوو هۆشدارییەک بۆ بەرپرسانی ئێران لەبارەی نەبوونی ئاسانکاری بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش دەیخەنەڕوو.