ئیبراهیم رەئیسی: بەڵێنم بە کەسوکاری ژینا داوە بەدواداچوون بۆ کەیسەکەی بکەم

رووداو - هەولێر

ئیبراهیم رەئیسی دەڵێت، پێویستە لێکۆڵینەوە لە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بکرێت کە بووەتە هۆی ناڕەزاییەکی گەورە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. هاوکات وڵاتانی رۆژئاوا بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی دووفاقی تۆمەتبار دەکات.  
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2022 ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە پەراوێزی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکاندا لە نیویۆرکی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتەی پزیشکی دادی ئێرانی دووپاتکردەوە و گوتی کە ژینا ئەمینی هیچ گورزێکی بەرنەکەوتووە و لێینەدراوە، ئەنجامێک لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە رەتدەکرێتەوە. 
 
رەئیسی گوتی کە "ئەگەر لایەنێک خەتابار بێت، بە دڵنیاییەوە دەبێت لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت." باسی لەوەش کرد کە هەر زوو دوای رووداوەکە پەیوەندیی بە خێزانی ژینا ئەمینییەوە کردووە و دڵنیای کردوونەتەوە کە "بە رژدییەوە بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە". 
 
چەند کاژێرێک دوای ئەوەی کە ئەمریکا سزای بەسەر پۆلیسی رەوشتدا سەپاند، رەئیسی وڵاتانی رۆژئاوای بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی دووفاقی تۆمەتبارکرد و ئاماژەی بە کوژراوانی دەستی پۆلیس لە ئەمریکا دا و باسی لە ئاماری کوشتنی ژنان لە بەریتانیا کرد. 
 
لەو بارەیەوە، رەئیسی گوتی: "بۆچی هەمان شت ناکرێت بۆ ئەوانەی لەسەر دەستی پۆلیس و ئاژانسەکانی دیکەی ئەمنی گیانلەدەستدەدەن لە رۆژئاوا، ئەوروپا، ئەمریکای باکوور، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؟ ئەوانەی کە بەدەست لێدانی ناڕەواوە دەناڵێنن، بۆچی هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان لەبارەوە ناکرێت؟"
 
لەبارەی خۆپێشاندانەکانیشەوە، رەئیسی رەزامەندیی دا و گوتی کە خۆپێشاندانەکان "ئاسایی و بەتەواوەتی چاوەڕوانکراون، بەڵام دەبێت جیاوازی لەنێوان خۆپێشاندەران و تێکدەراندا بکەین."
 
لە رۆژی هەینییەوە بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەدوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە، لە رووداوێکی تەمومژاویدا گیانیلەدەستدا، لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت.
 
تاوەکو ئێستاش بەگوێرەی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە ئۆسلۆی نەرویجە، لانیکەم 31 کەس لە پێکدادانی نێوان پۆلیس و خۆپێشاندەراندا کوژراون. هاوکات، ئامارە فەرمییەکانیش باس لەوە دەکەن کە 17 کەس لە خۆپێشاندانەکاندا کوژراون.