فەرماندەیەکی سوپای پاسداران بووە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی شەوی رابردوو، ماڵپەڕی نوورنیوزی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەستلەکارکێشانەوەی عەلی شەمخانیی لە سەرۆکایەتیی ئەو ئەنجوومەنەی راگەیاند، ئەمڕۆ دانانی عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان وەک سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە لایەن میدیا فەرمییەکانی ئەو وڵاتەوە راگەیێنرا.
شەوی رابردوو عەلی شەمخانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە توویتێکدا باسی لە دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی کرد و دوابەدوای ئەوە ماڵپەڕی نوورنیوزی سەربە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی عەلی شەمخانی راگەیاند.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 22-5-2023 ماڵپەڕی نوورنیوز و چەندین ماڵپەڕی دیکەی فەرمی سەر بە حکومەتی ئێران، دانانی عەلی ئەکبەر ئەحمەدیانیان لە پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران راگەیاند.
عەلی شەمخانی ماوەی 10 ساڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران و ئەندامی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی بوو.
عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان لە ساڵی 1980ـەوە چووە نێو سوپای پاسداران و هاوینی 2022 لە لایەن عەلی خامنەیی، رێبەری ئێرانەوە وەکو ئەندامی نوێی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی دیاریکرا.