لە ناوچە سوننەنشینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەینی کرایە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە و، رێوڕەسمی تایبەت بەڕێوەچوون. دوای ئەوەی زۆربەی مامۆستایانی ئایینیی سوننە کۆکبوون لەسەر ئەوەی هەینی یەکەم رۆژی جەژن بێت، لە مزگەوتی گێسیان نوێژی جەژن کرا و رێوڕەسمەکانی جەژن دەستیان پێکرد.
بەیانیی زوو موسوڵمانان لەدوای نوێژی جەژن، بە تەوقەکردن لەگەڵ یەکدی و گەردن ئازادی رێوڕەسمەکانی جەژنیان دەستپێکرد. ئەم نەریتە ساڵانێکی زۆرە هەیە، بۆئەوەی هەر دڵئێشانێک لەنێویاندا هەبێت، نەمێنێت. لە کوردستان یەک لە نەریتە کۆنەکان سەردانی خەڵک بووە لە بەیانییانی جەژندا بۆ سەر گۆڕی ئەوانەی کە کۆچی دوایین کردووە، نەریتێک کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و لە دوای نوێژی جەژن، بەڕێوەدەچێت.
ئەمساڵ حکومەتی ئێران رۆژی شەممەی وەکو یەکەم رۆژی جەژن دیاریکرد، بەڵام ناوچە سوننەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بێ ئەوەی گوێ بەو بڕیارە بدەن، ئەمڕۆی هەینییان وەکو یەکەم رۆژی جەژن دەستنیشان کرد و لەگەڵ وڵاتانی سوننە جەژنیان کرد.
مامۆستایانی ئایینی، ئەمە بە جیاوازیی و دووبەرەکی نازانن و دەڵێن؛ لە هەموو سەردەمەکاندا ئەو جیاوازییە بەهۆی ناوچە و جوگرافیا و بینینی مانگەوە، ئاسایی بووە. ئەمساڵ لە هەموو ناوچە سوننەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی هەینی کرایە جەژن و ئەو ناوچانەی کە خەڵکەکەی لەسەر مەزهەبی شیعەن، رۆژی شەممە لەگەڵ ئێران جەژن دەکەن.