پڕوپاگەندەی خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران دەستیپێكرد
رووداو - هەولێر
پڕوپاگەندەی خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران دەستیپێكرد و كاندیدەكان دوا هەوڵی خۆیان بۆ گەیشتن بە پەرلەمان دەدەن.
پڕوپاگەندەی بەربژێرەکان تاوەكو رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت و رۆژی دواتر هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت. لەدایکبووانی 30 نیسانی 1998 بۆ سەرەوەتر دەتوانن لەم خولەی هەڵبژاردندا دەنگ بدەن.
رکابەری ئەمجارە زۆر نزیک لە یەکدیە. لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پڕوپاگەندە دەستیپێکردووە. لە 12 بازنە، هەڵبژاردن لە قۆناخی دووەمدا هەڵدەبژێردرێت. بە واتایەکی دیکە لەم قۆناغەدا 17 نوێنەر هەڵدەبژێردرێ. لە پێنج بازنەی هەڵبژاردندا دەبێت دوو نوێنەر هەڵبژێردرێت.
لە یەکەم رۆژی پڕوپاگەندەی خولی دووەمی هەڵبژاردن پوستێرەکان لە زۆر شوێنی شاری مەریواندا دەبینران. شارێک کە دوو بەربژێر بۆ بە دەستهێنانی یەک کورسی پەرلەمانی رکابەری دەکەن.
لە لوڕستان لە دوو بازنەی هەڵبژاردن، ئیلام یەک بازنەی هەڵبژاردن و لە پارێزگای ورمێش لە دوو بازنەی هەڵبژاردن دەبێت دوو نوێنەر هەڵبژێردرێن.
هەڵبژاردنی قۆناخی دووەم لە 21 پارێزگای ئێراندا بەڕێوەدەچێت و 136 بەربژێر لە 55 بازنەی هەڵبژاردندا بۆ بە دەستهێنانی 68 کورسی پەرلەمانی پێکەوە رکابەریی دەکەن.
بەگشتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەر دوو بازنەکەی پارێزگای ئیلام، لە سێ بازنەی پارێزگای لوڕستان، لە دوو بازنەی پارێزگای کرماشان، لە سێ بازنەی پارێزگای ورمێ و لە دوو بازنەی پارێزگای سنە هەڵبژاردن لە قۆناغی دووەمدا بەڕێوە دەچێت.
34 بەربژێر لەم قۆناخەی هەڵبژاردندا پێکەوە رکابەریی دەکەن. لەو ژمارەیە تەنیا دوو کەسیان ژنن. بەربژێرێکی ژن لە بازنەی هەڵبژاردنی شاری ئیلام و بەربژێرێکی دیکەش لە بازنەی هەڵبژاردنی بروجێرد لە پارێزگای لوڕستان.
هەڵبژاردنی قۆناخی یەکەمی هەڵبژاردن رۆژی 26 شوبات بەڕێوەچوو، کە لەودا لایەنگرانی حکومەتی حەسەن روحانی زیاترین دەنگەکانیان بە دەستهێنا. ریفۆرمخوازان و لایەنگرانی حکومەتی روحانی هیوادارن لە قۆناخی دووەمی هەڵبژاردندا ژمارەیەکی زیاتری کاندیدەکانیان دەنگ بهێننەوە، بۆ ئەوەی زۆرینەی رەهای کورسییەکانی پەرلەمان بە دەستەوە بگرن.