ئێران.. زەمینەسازی دەکرێت بۆ زیادکردنی ژمارەی دانیشتووان

رووداو - ئێران

دوای ئەوەی ئایەتوڵڵا خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ رێژەی دانیشتووانی ئێران بۆ 150 ملیۆن کەس بەرزبێتەوە، پەرلەمانی ئێران بە پەسەندکردنی چەندین یاسا هەوڵی جێبەجێکردنی ئەو داوایەی رێبەری ئێرانی داوە، ئەمجارەش فراکسیۆنی ژنانی ئێران گەڵاڵەیەکی پێشنیازکردووە کە خولی فێرکاری هاوسەرگیری، کە بۆ بووک و زاواکان دادەنرێت، کۆبکرێتەوە .

ئایەتوڵڵا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین جار جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە رێژەی دانیشتووانی ئێران دەبێ بگاتە 150 ملیۆن کەس ، دوای ئەوە پەرلەمانی ئێران گەڵاڵەیەکی پەسەند کرد کە بەپێی ئەو گەڵاڵەیە پروپاگەندە بۆ منداڵی کەمتر و نەزۆکبوون بەرەو رووی سزای زیندانی دوو تا پێنج ساڵ دەبێتەوە .

"بە یەک گوڵ بەهار نایەت" ، "منداڵی زیاتر ژیانی باشتر"، ئەوە ناوەرۆکی بیلبۆرد گەلێکن کە لە شوێنە گشتییەکان هەڵواسرابوون بە مەبەستی پروپاگەندەکردن بۆ منداڵی زیاتر .

بە پێی یاسای نوێ کە لە پەرلەمانی ئێران پەسەندکراوە هەر جۆرە پروپاگەندەیەک بۆ "هەر کردەوە یا ویستێک کە ببێتە هۆی لەبارچوونی کۆرپە، نەزۆکی لە رێی قازکتۆمی، توبکتۆمی و هەر جۆرە پروپاگەندەیەک بۆ منداڵی کەمتر، تاوانە" .

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو یاسایە  فراکسیۆنی ژنانی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە "خولی فێرکاری هاوسەرگیری" بە مەبەستی بەرزبوونەوەی رێژەی دانیشتووانی ئێران کۆدەکرێتەوە .

لەو خولەدا بووک و زاواکان پێش گواستنەوە تێیدا بەشدار دەبن و رێگاکانی پێشگیری لە دووگیانبوون و شێوەکانی هاوسەرگیری بە بووک و زاواکان دەگوترێتەوە.

فراکسیۆنی ژنانی پەرلەمانی ئێران لە درێژەدا دەڵێت "هەندێک نارەزاییان دەربڕیبوو کە بۆچی تا ئێستاش ئەو خولە بۆ بووک و زاواکان بەرێوە دەچێت، هەر بۆیە ئەو گەڵاڵە پێشنیاز دەکرێت لەلایەن ئێمەوە".

چالاکڤانانی کۆمەڵایەتی و بواری ژنان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەو سنووردارکردنە دەبێتە هۆی دووگیانبوونی نەخوازراو بە پێچەوانەوە ویستی بنەماڵە و زیادبوونی شێوە ناتەندروستەکانی منداڵ لەباربردن .

چالاکڤانانی ژنان کە لە رەخنەگرانی ئەو گەڵاڵەیەن دەڵێن ئەو یاسا گەلە ژنان دەکات بە شارومەندی پلە دوو .

تا ئێستاش چەندین یاسا لە پەرلەمانی ئێران پەسەند کراون،  کە بە پێی ئەوان سنووردارێتی بۆ ژنان لە بواری کار و خوێندن لە زانکۆکان دروستکردووە و لە هەوڵی ئەوەدان ژنان لە چوارچێوەی ماڵدا  بهێڵنەوە .