لە رۆژهەڵاتی کوردستان رێگە بە خوێندن بە زمانی دایک نادرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمساڵ ساڵێکی باش نییە بۆ مامۆستایانی خۆبەخشی زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان. دوای دەستپێکردنی ناڕەزاییەکان، بەشێک لەوانیش بەر شەپۆلی دەستبەسەرکردن و سزادان کەوتوون. چالاکیی رێکخراو و دامەزراوەکانی فێرکردنی زمانی کوردیش سنووردار بووە. ئەو گوشارانە لە کاتێکدایە بەڵێن درابوو کابینەی ئێستای حکومەت، گەرەنتیی خوێندنی زمانی دایک بکات.
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران پێشتر گوتبووی، "دابینکردنی ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان ئەرکی هەر حکومەتێکە. ئێمە ئەو ئازادییانەمان نەداوە و وەکو حکومەت ئەرکدارین ئەو ئازادییانە گەرەنتی بکەین بۆ هەمووان، مەگەر بەڕێز رووحانی ئێوە زمانتان بۆ کوردان ئازاد کردووە؟ خودا ئازادی کردووە و دەستوور رێگەی پێداون زمان، شێوەی نووسین و جلوبەرگیان بەکاربهێنن."
بەپێی ماددەی 15ـی دەستووری ئێران؛ فارسی زمانی فەرمی و هاوبەشی خەڵکی ئێرانە. بەڵگەنامە، نووسراوە فەرمییەکان و کتێبەکانی خوێندن بەو زمانە دەنووسرێن، بەڵام کەڵکوەرگرتن لە زمانە ناوچەیی و ئەتنیکییەکان لە چاپەمەنییەکان و میدیاکان و خوێندنی وانەی زمان و ئەدەبیان لە قوتابخانەکان، لە پاڵ زمانی فارسی ئازادە.
ئەو یاسایە جیاوازە لەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکە داوای دەکەن. ئەوان داوا دەکەن رێگەیان پێبدرێت بە زمانی دایک بخوێنن، نەک وانەی زمان و ئەدەبی نەتەوەکان، بەڵام ئەوەندەش دوای 44 ساڵ هێشتا جێبەجێ نەکراوە.
بەرەی یەکگرتووی کورد کە رێکخراوێکی سیاسیی ئاشکرایە و لەنێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکی دەکات؛ لە پەیامێکدا بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەڵێت، لە ئێران هەوڵی تواندنەوەی زمانی کوردی دەدرێت. دەشڵێت، هەر چەندە "گوشار و پیلان بۆ فەوتاندن و تواندنەوەی زمانی کوردی لە ئارادا بێت"، بەو رادەیە و زیاتریش، هەوڵ و تێکۆشان بۆ گەشەپێدانی زمانی کوردی لە ئارا دایە.
مەجید رەحوەد، چالاکڤانی کورد لە خۆراسان باس لەوە دەکات، "بۆ پاراستنی زمان و کولتووری خۆمان، 500 ساڵ پێش ئێستا خوێنمان بەخشی، کوژراین و کۆچبەر کراین، لەگەڵ ئەو بەرزونزمییە دژوارەشدا ئێمە هەر بە کوری قسە دەکەین."
دانیشتووانی ئێران لانیکەم بە 12 زمان و دەیان شێوەزار قسە دەکەن. بەشێک لە زمان و شێوەزارەکانیش بەهۆی نەپاراستنیان، لەنێوچوون.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەڵێت، "بەهۆی سەرەڕۆیی و دیکتاتۆرییەوە، حاشا لە ئێرانی فرە نەتەوە، فرە زمان و فرە کولتوور دەکرێت". دەشڵێت، ئازادیی خوێندن بە زمانی دایک هەڕەشە نییە، بەڵکو هۆکاری یەکگرتوویی زیاتری نێوان نەتەوەکانی نێو ئێران دەبێت. لە کۆتاییشدا دەڵێت، خوێندن بە زمانی دایک بەشێکە لە مافە نەتەوەییەکانی کورد و داکۆکی لە هاتنەدی ئەو مافە دەکەین. مافێک کە نەک هەر دەسەڵاتی ئێران، بەڵکو بەشێک لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەش دانی پێدا نانێت، بە تایبەت ئەوانەی خۆیان بە پارێزەری یەکپارچەیی ئێران دەزانن.