وەزیری دەرەوەی ئێران و عادل عەبدولمەهدی لە تاران کۆبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران لە تاران لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق کۆبووەوە، لەکاتێکدا مشتومڕ لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن لە عێراق هەیە.
بەگوێرەی میدیای ئێران، لە دیدارەکەدا ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتویەتی: "ئێران و عێراق هەمیشە دوو وڵاتی دۆست و بران"، جەختیشی کردووەتەوە کە هەموو هەلێک دەقۆزنەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری، رۆشنبیرییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بە کارەکانی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا کردووە و گوتوویەتی: "رێکارەکانی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی و حکومەتەکەی لەپێناو پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بەرزدەنرخێنین".
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئێران سوورە لەسەر فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق و گوتەیەتی: "ئێران بەردەوام پێشوازی لە ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق دەکات؛ هەروەها پێشوازی لە رۆڵی بونیادنەرانەی عێراق لە پەیوەندییە هەرێمییەکاندا دەکات و رێزیش لە ئیرادەی گەلی عێراق و بڕیارە سیاسییەکانی دەگرێت".
لای خۆیەوە، عادل عەبدولمەهدی لە دیدارەکەدا گوتویەتی: "هاوبەشیی بێسنوور لەنێوان عێراق و ئێران لە بوارە جیاجاکاندا هەیە".
عادل عەبدولمەهدی بە مەبەستی بەشداریکردن لە 35ـەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی یەکبوونی ئیسلامی لە تارانە، کە رۆژی سێشەممە 18-10-2021 ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران کارەکانی کۆنگرەکەی کردەوە و چالاکییەکانی تاوەکو یەکشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبن.
حکومەتی عەبدولەمەهدی و خۆپیشاندانەکانی تشرین
عادل عەبدولمەهدی لە تشرینی یەکەمی 2018 وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستبەکاربوو؛ لە تشرینی یەکەمی 2019 خۆپیشاندانی فراوان لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی باشووری عێراق دەستیپێکرد کە گەنجان زۆرترین رۆڵیان هەبوو تێیدا و داوای بنبڕکردنی گەندەڵی، باشترکردنی گوزەران و دابینکردنی خزمەتگوزاری و کۆنترۆڵکردنی چەکی میلیشیاکانیان دەکرد، هەروەها دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت.
هێزە ئەمنییەکانی عێراق و چەکدارانی نەناسراو رووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەوە، بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ کە لە 23-1-2020 بڵاویکردەوە، زیاتر لە 600 خۆپیشاندەر کوژران، بەشێکیان بە مەبەست کرانە ئامانج. هەروەها ئامارەکانی حکومەتی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن زیاتر لە 15 هەزار بریندار لە خۆپیشاندەران هەبوون.
گوشاری نێوخۆی و لەدەستدانی پاڵپشتی مەرجەعییەتی باڵای شیعەکان لە نەجەف، عادل عەبدولمەهدی ناچارکرد لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 2019 دەستلەکاربکێشێتەوە.
پەرلەمانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی پەسندکرد، دواتر لایەنە سیاسییەکان عێراق، بە دیاریکراوی هێزە شیعەکان، رێککەوتن لەسەر راسپاردنی مستەفا کازمی، کە ئەوکات سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق بوو، بۆ پێکهێنانی حکومەت. ئەرکێکی سەرەکی حکومەتەکەی کازمی ئامادەکاری بوو بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق.