سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشە لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەو شەڕەی رۆژی پێنجشەممە لە مەریوان روویدا، سوپای پاسداران هەڕەشە لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.
 
قەرارگەی حەمزەی سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، دەستەیەک لە هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە سنووری مەریوان کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی سوپای پاسداران و کەسێکیان گیانی لەدەستداوە و چەند کەسی دیکەش برینداربوون.
 
سوپای پاسداران روو لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، هیچ چەشنە چالاکییەک دژ بە ئاسایشی ئێران قبووڵ ناکات و هەوڵدان بۆ لەنێوبردنیان کاری لەپێشینەیان دەبێت، لە هەر شوێنێک بن.
 
راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە، ئێوارەی پێنجشەممە ئەحمەدعەلی گودەرزی، فەرماندەی پاسەوانی سنووریی ئێران رایگەیاند، هێزەکانی ئەوان لەگەڵ پێشمەرگەکانی کۆمەڵە تووشی پێکدادان بوون و پۆلیسێکی پاسەوانیی سنوور بریندار بووە.
 
دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، رێبوار کەریمیان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی سەربازیی ئەو حیزبە رۆژی پێنجشەممە لە پێکدادانێکدا لەگەڵ هێزەکانی ئێران لە نزیک گوندی پیرانەکۆنی مەریوان گیانی لەدەستداوە.
 
دوای شەڕەکە، هێزەکانی ئێران تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی نێوان مەریوان و پێنجوێنیان کردووە و بە گوتەی خەڵکی ناوچەکە، ئاگر لە دارستانەکان کەوتووەتەوە و رێگە بە خەڵک و ژینگەپارێزان نادرێت، بچنە ناوچەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.