پسۆڕێکی فڕۆکەوانی: جێگەی پرسیارە لەو کەشوهەوایەدا فەرمانی فڕین بە هێلیکۆپتەرەکەی رەئیسی دراوە
رووداو دیجیتاڵ
بێڵ 212، ئەو هێلیكۆپتەرە بوو کە کەوتنەخوارەوەی بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران و شاندە یاوەرەکەی. پسپۆڕێکی فڕۆکەوانی دەڵێت، "ئەگەرەکان بۆ کەوتنی فڕۆکەکە زۆرن، لەوانە "کەشوهەوا، هێرش یان کێشەی تەکنیکی."
ئەو هێلیكۆپتەرە لەلایەن كۆمپانیای (بیڵ هێلیكۆپتەرز)ەوە لە سەرەتای حەفتاکانی سەتەی رابردوو دروستکراوە و دەتوانێت چەندین ئەرک بەجێبهێنێت. لەدوای دروستکردنیەوە بۆ گواستنەوەی سڤیل، سەربازی و فریاگوزاری بەکارهێندراوە.
درێژیی هێلیكۆپتەرەکە 17.45 مەترە و بەرزییەكەی 3.8 مەتر؛ کێشەکەشی بە بەتاڵی نزیکەی 2 هەزار و 962 كیلۆیە و خێراییەکەی 190 كیلۆمەترە لە كاژێرێكدا، هەروەها توانای هەڵگرتنی نزیکەی 2268 كیلۆ و 14 سەرنشینی هەیە.
فارس جواری، توێژەر و راوێژکاری فڕۆکەوانی لە ریازی پایتەختی سعودیەوە میوانی رووداو بوو باسی لە تایبەتمەندی (بێڵ 212) کرد و گوتی، "هێلیکۆپتەرەکەی کۆمپانیای بیڵی ئەمریکی لە حەفتاکانی سەتەی رابردووەوە دوای دروستکردنیان لە ئێران کڕدراون و بەکارهێندراون."
بە گوتەی جواری، بەرهەمهێنانی ئەو هێلیکۆپتەرانە لە هەشتاکانەوە راگیراون. گوتیشی، "فڕۆکەیەکی باشە، بەڵام بەهۆی گەمارۆی سەر ئێران، پێدەچێت کەرەستەی نۆژەنکردنەوەی وەکو پێویست لە ئێران نەبووبێت."
تاوەکو ئێستا هۆکاری کەوتنی هێلیکۆپتەرەکە ئاشکرا نەکراوە. ئەو راوێژکارەی فرۆکەوانی باس لە چەند ئەگەرێک دەکات و دەڵێت: دەکرێت کێشەی تەکنیکی بووبێت، ئەوە گریمانەیە؛ هەروەها پێدەچێت فڕۆکەوانەکە هەڵەیەکی کردبێت، هەرچەند فڕۆکەوانی ئەو جۆرە فڕۆکانە زۆر شارەزان و هەڵەی کەم دەکەن. رەنگە کەشوهەوا هۆکاربووبێت یانیش هێرشی کرابێتەسەر."
فارس جواری ئاماژەی بەوەشکرد، جۆری هێلیکۆپتەرەکە بەشێوەیەکە، کاتێک هەڵەیەکی تەکنینکی تێدا دروست دەبێت، راستەوخۆ رووبەڕووی کێشەی زیاتری دەکاتەوە.
ئەو توێژەرەی فڕۆکەوانی دەڵێت، زۆرینەی هێلیکۆپتەرە هاوشێوەکان ئامێری تایبەتیان بۆ ناردنی ئاماژە هەیە لەکاتی کێشەدا، بەڵام نازانرێت ئەوەی سەرۆککۆمار و شاندەکەی ئەو ئامێرەی دوای نوێکردنەوە بۆ دانراوە یان نا.
هێلیکۆپتەرەکان سێ دانە بوون و دوویان بە سەلامەت گەیشتوون. فارس جواری گوتی، "دەبێت بە هەموو شێوەیەک هەر سێ فڕۆکەکە پەیوەندی بەردەوامیان هەبێت، دەبێت لەگەڵ کۆنترۆڵی چاودێرییش پەیوەندییان هەبووبێت؛ دوایین شوێن لە کوێ پەیوەندیان پێوە بچڕاوە دەبێت فڕۆکەکانی دیکە بزانن."
لە سەرەتای رووداوەکەوە تاوەکو ئێستا کە نەگەیشتووە بە 24 کاژێر، باس لە سەختی کەشوهەوای ناوچەکە دەکرێت. ئەو پسپۆڕەی فڕۆکەوانی دەڵێت، "جێگەی پرسیارە بۆچی رێگە دراوە فڕۆکەیەکی تایبەتی سەرۆککۆمار لەم کەشوهەوایەدا گەشت بکات و هاتووچۆی شوێنێکی دیکە بکات، راستە پلانی بۆ دانراوە، بەڵام دەبێت هۆکارێک هەبووبێت کە رێگەی دراوە، هەروەها گەڕانەوەی دوو فڕۆکەکەی دیکەش هەیە، بۆیە دەبێت هۆکارێکی دیکە هەبووبێت، وەکو کێشەی تەکنیکی."
فارس جواری گوتی، هێلیکۆپتەر ئامێری (ئی ئیل تی) تێدایە بۆ زانینی کەشوهەوای ئەو ناوچەیەی رووی تێدەکات و سەخت بێت ئاماژەی هەڵەبوونی گەشتەکەی پێدەدات، بەڵام "رەنگە هێلکۆپتەرەکەی سەرۆککۆمار ئەو ئامێرەشی تێدا نەبووبێت."
تاوەکو ئێستا روون نییە هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە سندووقی رەشی تێدا بووە یان نا. توێژەرە فڕۆکەوانییەکە دەڵێت، "سندووقی رەش تەنیا نێو فڕۆکەکە تۆمار دەکات نەوەکو پەیوەندیی بە دەرەوەی هەبێت."
فارس جواری لەبارەی فڕین لە کەشوهەوای سەختدا گوتی، "ئەگەر ئاستی بینین سفر بێت دەکرێت فڕۆکەکان یەکتر نەبینین، هەرچەند زۆرینەی هێلیکۆپتەرەکان لایتی بەهێزیان هەیە و وا دەکات دەورووبەری خۆیان ببینین."
بە گوتەی ئەو شارەزایەی فڕۆکەوانی، هێلکۆپتەر لەکاتی رەشەبا، بارانی بەهێز و هەبوونی تەقەکردن لە ناوچەیەکدا نابێت فڕین ئەنجام بدات. گوتیشی، "ئەو هێلکۆپتەرە هیچ یەدەگێکی بۆ ئێران نەچووە مەگەر لە بازاڕی رەشدا، بۆیە هیچ مامەیەی سەلامەتی نەبووە بۆ کەسێکی وەک سەرۆککۆمار گەشتی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە پێ بکات."
لە رووداوەکەدا جگە لە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆمار، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئایەتوڵڵا ئەلهاشم، ئیمام جومعەی تەورێز، مالیک رەحمەتی، پارێزگاری تەورێز، سەرۆکی پاسەوانەکان و پاسەوانێکی سەرۆککۆمار، فڕۆکەوانەکە و دوو یاریدەدەری گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی مادەی 131ی دەستووری ئێران، دوای نەمان یان نەخۆشکەوتنی سەرۆککۆمار، بە رەزامەندی رێبەری ئێران، دەسەڵاتەکانی دەدرێتە جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار، دەبێ جێگری یەکەم لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئەنجوومەنێک پێکبهێنن و لە ماوەی 50 رۆژدا ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ بکەن.