لە ئێران تووشبوویەکی ئاوڵەی مەیموون تۆمار دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی ئێران بە فەرمی یەکەم تووشبووی ئاوڵەی مەیمونی لە وڵاتەکەی راگەیاند و دەڵێت، 291 پشکنینی ئاوڵەی مەیموونیان کردووە و یەکێک لە پشکنینەکان "ئەرێنی" بووە.
رۆژی هەینی 19-8-2022 شەهنام عەرشی، بەڕێوەبەری ناوەندی بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشییە گوازراوەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "یەکەم تووشبووی ئاوڵەی مەیموون لە ئێران تۆمارکرا."
شەهنام عەرشی گوتی: "تائێستا 291 پشکنینی ئاوڵەی مەیموون لە ئێران ئەنجامدراوە و لەناویاندا یەک تووشبوو هەبووە کە لە تاقیگەی ناوەندیش پشتڕاستکراوەتەوە".
بەگوتەی بەڕێوەبەری ناوەندی بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشییە گوازراوەکان، "تووشبووەکە خەڵکی پارێزگای ئەهوازە" و دەشڵێت: "ئێستا گرفتێکی ئەوتۆمان لە ئێراندا نییە بۆ پشکنینی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون و 13 تاقیگە لە سەرانسەری وڵاتدا بۆ ئەم مەبەستە هەن".
پێشتر میدیاکانی ئێران هەواڵی تووشبوونی چەند هاووڵاتییەکیان لە مەشهەد و تاران بە ئاوڵەی مەیموون بڵاوکردبووەوە، بەڵام وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە رەتیکردەوە هیچ تووشبوویەک تۆمارکرابێت.