جەواد زەریف: هەندێکجار هێندەی ئێمە گوێ لە عێراقییەکان دەگرین، ئەوان گوێمان لێناگرن


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی هەژموونی ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆنترۆڵکردنی پۆستی سەرۆکایەتیی وەزیرانی عێراق دەڵێت، "ئێمە کەس کۆنترۆڵ ناکەین، پەیوەندیی ئێران و هاوڕێکانی، پەیوەندییەک نییە بۆ بەکارهێنانیان".
 
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا لەبارەی پڕچەککردنی حەشدی شەعبی لەلایەن ئێرانەوە رایگەیاند، "ئەوان ئەوەیان بیرچووەتەوە کە کاتێک داعش لە بەردەم دەرگەی بەغدا بوو، کاتێک لە بەردەم دەرگەی هەولێر بوو، ئێمە پڕچەکمان کردن، چەکی زۆرمان بۆ دابینکردن."
 
لەبارەی رۆڵی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە عێراقییەکان؛ عەرەب، کورد، سووننە و شیعەکان شەڕی داعشیان کرد، بەڵام ئێمە شانازی دەکەین بەوەی کە لەگەڵیان بووین".
 
لە ئابی 2014 چەکدارانی داعش لە سێ میحوەرەوە هێرشیان کردە سەر هەولێر و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس یارمەتیی هێزەکانی پێشمەرگەی دا لەو هێرشەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران لەو بارەوە دەڵێت، "کاتێک کە کەس ئامادە نەبوو لە شەڕی داعش یارمەتیی بارزانی بدات، شەهید قاسم سولەیمانی دوو فڕۆکەی پڕچەک و چەندین راوێژکاری بۆ هەرێمی کوردستان نارد بۆ ئەوەی شکست بە داعش بهێنن."
 
ئەو قسانەی زەریف لەبارەی قاسم سولەیمانی لە کاتێکدایە کە نزیکەی چەند مانگێک پێش ئێستا تۆمارێکی دەنگیی زەریف بڵاوبووەوە کە تێیدا رەخنەی لە قاسم سولەیمانی دەگرت، ئەو تۆمارە دەنگییە زیانێکی گەورەی بە پێگەی سیاسیی زەریف لە نێوخۆی ئێران گەیاند، بەجۆرێک کە یەکێک لە هۆکارەکانی دوورکەوتنەوەی لە خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری ئێران، بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە دەنگییە بوو.
 
لە کۆڕبەندەکەدا زەریف ئەوە دەگێڕێتەوە کە لە کاتی واژۆکردنی رێكکەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2015 بە جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکای گوتووە، "هاوپەیمانەکانتان 10 هێندەی ئێمە پارەیان لەم ناوچەیە خەرج کردووە و هێشتا ناتوانن هیچ شتێک بکەن لەم ناوچەیە، ئەوە پەیوەندیی بە جۆری پەیوەندییەکەوە هەیە، پەیوەندیی رێبەر و کۆیلە چیدیکە لەم ناوچەیە کار ناکات، دەبێت پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بنیاتبنێیت".
 
ئێران لە رێگەی ئەو گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە خۆی توانیویەتی هەژموونی خۆی لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاد بکات، "ئێمە کۆنترۆڵی حیزبوڵڵا و عێراقییەکان ناکەین، هەندێکجار ئێمە زیاتر لەوەی ئەوان کە گوێ لە ئێمە دەگرن گوێیان لێدەگرین".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، "پێموایە حوسییەکان توانای ئەوەیان هەیە کە خۆیان پڕچەک بکەن، ئێمە توانای ئەوەمان نییە کە تەنانەت خۆراک و دەرمان بۆ یەمەن بنێرین، چۆن دەتوانین چەکیان بۆ بنێرین؟ هەروەها پێویستیش ناکات، ئەوان خۆیان دەزانن چۆن هێزەکانیان دروست بکەن".