ئێران بە فەرمی بانگهێشتی شای سعودیە بۆ تاران دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

ئێران بە فەرمی بانگهێشتی شای سعودیە بۆ وڵاتەکەی دەکات، ئەمەش لە دوای رێککەوتنی مانگی رابردووی هەردوو وڵات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە دوای چەندین ساڵ لە ناکۆکی و گرژیی نێوانیان.
 
رۆژی دووشەممە 17ی نیسانی 2023، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تاران رایگەیاند، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئێران بانگهێشتنامەی بۆ شا سەلمان، شای سعودیە ناردووە، ئەمەش لەبەرامبەر بانگهێشتنامەکەی سعودیە بۆ رەئیسی لە سەرەتای ئەم مانگە. 
 
لە دوای حەوت ساڵ لە گرژیی و ئاڵۆزیی نێوانیان، مانگی رابردوو سعودیە و ئێران بە نێوبژیوانیی چین رێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و کردنەوەی باڵیۆزخانە و دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات. 
 
ئێستا شاندی هونەری هەردوو وڵات سەرقاڵی کردنەوەی باڵیۆزخانەن و حکومەتی ئێرانیش ئاشکرای کردووە، ئەرکەکانی ئەو شاندە هونەریانە لە 9ی ئایار دەستپێدەکەن. 
 
هەفتەی رابردوو، هەردوو وەزیرانی دەرەوەی سعودیە و ئێران لە پەکین بۆ یەکەمجار لە دوای حەوت ساڵ کۆبوونەوە، ئەمەش وەکو یەکەم هەنگاو بۆ ئاساییکردنەوەی تەواوی پەیوەندییەکانی هەردوولا. 
 
لە دوای کۆبوونەوەکەش، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هاوتا سعودییەکەی "ئەرێنی" بووە.  
 
لە دوای راگەیاندنی رێککەوتنی تاران و ریاز، هەفتەی رابردوو ولیەم بێرنس، بەڕێوەبەری دەزگەی هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی)، بە سەردانێکی رانەگەیێندراو چووە سعودیە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە کۆبووەوە، جەختی لە هاوئاهەنگییە ئەمنییەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری لە نێوان هەردوو وڵات کردەوە.
 
لە ساڵی 2016 ئێران، سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە پچڕاند، ئەمەش دوای ئەوەی سعودیە شێخ نەمر ئەلنەمر، کەسایەتی شیعەی وڵاتەکەی لە سێدارە دا، دواتر بەشێک لە ئێرانییەکان هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران و ئاگریان تێبەردا.