زیاتر لە 75%ـی ئێرانییەکان نیگەرانن لە تووشبوون بە کۆرۆنا
لەکاتێکدا بەرپرسانی ئێران رەتیدەکەنەوە هیچ ناوچەیەکی ئێران کەرەنتین بکەن و بەردەوام جەخت لە ئاساییبوونی دۆخەکە دەکەنەوە، بەڵام بەپێی راپرسییەک زیاتر لە 75%ـی ئێرانییەکان نیگەرانن لە تووشبوونی خۆیان یان کەسوکاریان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
لەماوەی 4 رۆژدا و لە 11-3 تاوەکو 15-3-2020 لەلایەن ناوەندی راپرسیی خوێندکارانی ئێران ( ئیسپا) لە رێگەی تەلەفۆنەوە راپرسییەک ئەنجامدراوە لەبارە تێڕوانینی خەڵکی ئێران بۆ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا. لە راپرسییەکەدا قسە لەگەڵ 1554 کەس کراوە کە 50.1% ـیان پیاو و 49.9%ـیان ژن بوون و بەگشتی تەمەنیان نزیکەی 40 ساڵ بووە.
بەگشتی 75%ـی ئەوانەی وەڵامیان داوەتەوە بە رێژەی زۆر و یەکجار زۆر نیگەرانن لە تووشبوونی خۆیان یان یەکێک لە ئەندامەکانی خێزانەکانیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا. هەروەها راپرسییەکە دەریدەخات کە ژنان بە رێژەی 78% زیاتر لە پیاوان بە رێژەی 73% نیگەرانن لە تووشبوون بە کۆرۆنا.
بەپێی راپرسییەکە ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 30 بۆ 49 ساڵە زیاتر لە تەمەنەکانی دیکە نیگەرانییان هەیە کە رێژەکەی 78.3%ـە و هەرچی ئاستی خوێندەواریی خەڵک بەرزتر دەبێتەوە نیگەرانییەکانیش زیاتر دەبن. 81.3%ـی ئەوانەی بڕوانامەی باڵا و دکتۆرایان هەیە ترسیان هەیە لە تووشبوون بە کۆرۆنا لەبەرامبەردا رێژەی نیگەرانی لەوانەی ئاستی خوێندنیان کەمترە لە دیپلۆم 73.6%ـە. هەروەها نیگەرانییەکان لەنێوان ئەوانەی لە شار دەژین لەگەڵ ئەوانەی لە گوندەکان دەژین وەک یەکن و جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە.
ئەوەی لێرە گرنگە داخوازی خەڵکە بۆ کەرەنتینەکردنی شارەکانیان بەپێچەوانەی ئەوەی بەرپرسانی ئێران دەیڵێن کە رەتیدەکەنەوە هیچ شار و ناوچەیەکی ئێران کەرەنتین بکرێت. 89.4%ـی خەڵکی ئێران لەگەڵ کەرەنتینەکردنی ئەو شارانەن کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەربڵاو تێیاندا بڵاوبووەتەوە. لەوەشدا ژنان بە 92.6% زیاتر لە پیاوان بە 87.1% لەگەڵ کەرەنتینەکردنی شارەکاندان.
لەو بەشەشدا ئەوانەی لە تەمەنی نێوان 30 بۆ 49 ساڵدان بە رێژەی 92.4% زیاتر لە تەمەنەکانی دیکە داوای کەرەنتینەکردن دەکەن. هەروەها 95.7%ـی ئەو کەسانەی بڕوانامەی باڵایان هەیە وەک دکتۆرا داوای کەرەنتینەی شارەکان دەکەن و رێژەی داواکردنی کەرەنتینە لە بڕوانامەی سەرووی دیپلۆم 94.1%، دیپلۆم 90.1% و ئاستی خوێندنی ژێر دیپلۆم 84.1%ـە.
پێچەوانەی خواست و نیگەرانییەکانی خەڵک، بەرپرسانی ئێران کەرەنتینەکردنی شارەکان رەتدەکەنەوە. حەسەن روحانی سەرۆککۆماری ئێران گوتی، شتێکمان نییە بەناوی کەرەنتینەی شارەکان نە لە ئێستا و نە داهاتوو.
رووحانی رەتیکردەوە هیچ پیشەیەک یان فرۆشگایەک لە تاران و شارەکانی دیکە داخرابن و خرابێتنە کەرەنتینەوە و گوتی: "پارێزگاکان، پارێزگارەکان و بەڕێوەبەرانی تەندروستی بەهیچ شێوەیەک مافی ئەوەیان نییە بڕیار لەسەر کەرەنتینەکردن بدەن".
بەپێی ئاماری فەرمی وەزارەتی تەندروستی ئێران تاوەکو ئێستا 13938 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 724 کەس گیانیان لەدەستداوە و 4590 کەسیش چاکبوونەتەوە.