1.5 ملیۆن هێکتار دارستانی زاگرۆس لەنێوچووە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمیسیۆنی پاراستنی ژینگەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، یەک ملیۆن و 500 هەزار هێکتار لە دارستانەکانی زاگرۆس لەنێوچووە.
 
سومەیە رەفیعی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی پاراستنی ژینگەی پەرلەمانی ئێران بە میدیای ئەو وڵاتەی راگەیاند، لە کۆی 6 ملیۆن هێکتار دارستانی زاگرۆس، یەک ملیۆن و نیوی لەنێوچووە.
 
لەبارەی هۆکاری لەنێوچوونی دارستانەکانی زاگرۆسیش دەڵێت، "ساڵانە رووبەرێکی زۆر لەو دارستانانە بە هۆکاری مرۆیی وەکو ئاگرتێبەردان یان بڕینی دارەکان لەنێودەچن و بەشێک لە دارەکانیش بەهۆی نەخۆشییەوە وشک دەبن، بەڵام هیچ هەنگاوێک بۆ پاراستنیان نانرێت."
 
دارستانی زاگرۆس لە باشووری رۆژئاوای پارێزگای ورمێوە دەستپێدەکات و دەگاتە باکووری رۆژئاوای پارێزگای فارس و 40٪ـی دارستانەکانی ئێران پێکدەهێنێت. بەشی زۆری دارستانەکە لە رۆژهەڵاتی کوردستانە و 70٪ـی دارەکانی دار بەڕوون.