بەهۆی ئامادەکارییەکانی چوارشەممە سووری 14 کەس لە ئێران گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی فریاکەوتنی خێرای ئێران بڵاوی کردەوە، لە رووداوەکانی پەیوەندیدار بە چوارشەممە سووری، 14 کەس لە کاتی ئامادەکردنی تەقەمەنییەکان گیانیان لەدەستداوە و 264 کەسیش بریندار بوون.
جەعفەر میعادفەر، سەرۆکی رێکخراوی فریاکەوتنی خێرای ئێران، شەوی دووشەممە، (13-3-2023) گوتی: "لەو 264 کەسەی لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا بریندار بوون، 35 کەسیان لە نەخۆشخانەکان خەوێنراون و تەندروستی شەشیان ناجێگیرە و لە ژێر چاودێریی چڕ دان".
بەگوتەی جەعفەر میعادفەر، 42 کەس کەمئەندام بوون و 10 کەسیش سووتاون.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی فریاکەوتنی خێرای ئێران، زۆربەی بریندارەکان خەڵکی پارێزگاکانی تاران، تەورێز و کرماشانن، یەکێک لەوانەشی گیانی لەدەستداوە خەڵکی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
ئێوارەی دوایین سێشەممەی ساڵی کوردی و هەتاوی کە بەیانییەکەی دەبێتە چوارشەممە، رێوڕەسمی چوارشەممە سووری بەڕێوەدەچێت، خەڵک ئاگر دەکەنەوە، بە سەریدا باز دەدەن و بە دەوریدا هەڵپەڕکێ دەکەن.
بەڵام لەم ساڵانەدا لە رێوڕەسمەکانی چوارشەممە سووریدا بەهۆی بەکارهێنانی ماددە تەقەمەنییە مەترسیدارەکانەوە، دەیان کەس گیانیان لەدەستدەدەن یان بریندار دەبن.
پۆلیسی ئێران هەموو ساڵێک هۆشدار دەدات بە تووندی بەرەنگاری ئەو کەسانە دەبێتەوە کە ماددە تەقەمەنییە مەترسیدارەکان بەکاردێنن.
شەهرام کەرەمی، داواکاری گشتیی پارێزگای کرماشان، چەند رۆژێک لەمەوبەر رایگەیاند: "رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە ئاسایشی خەڵک تێکدەدەن و سەرپێچیکاران تاوەکو کۆتایی پشووەکانی نەورۆز (نزیکەی دوو هەفتە دوای نەورۆز) دەستبەسەر دەکرێن".
مەهدی دانش پوور، سەرۆکی پۆلیسی سایبەریی پارێزگای سنەش، دەڵێت: "کڕین و فرۆشتنی ماددە تەقەمەنییەکان و راهێنانی خەڵک بۆ بەکارهێنانی ئەو ماددانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا قەدەخەیە و رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر".