تاران: ئۆکراینا هیچ بەڵگەیەکی نییە لە بەکارهێنانی درۆنی ئێرانی لەلایەن رووسیاوە
رووداو - هەولێر
وەزیری بەرگریی ئێران ئاشکرای دەکات، ئۆکراینا هیچ بەڵگەیەکی نەخستووەتە بەردەست بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت، رووسیا درۆنی ئێرانی لە ئۆکراینا بەکارهێناوە.
رۆژی دووشەممە، 12ی کانوونی یەکەمی 2022، محەممەد رەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگریی ئێران رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی کیێڤ هیچ بەڵگەیەکیان نەخستووە بەردەست بۆ ئەوەی بیسەلمێنن رووسیا لە جەنگی ئۆکراینا درۆنی ئێرانی بەکارهێناوە.
هەروەها وەزیری بەرگریی ئێران رایگەیاندووە، سوپای ئێران و رووسیا لە مێژە لە بواری سەربازییدا هاوئاهەنگیان هەیە، بەڵام هەرگیز باسیان لە دابینکردنی درۆنی ئێرانی بۆ جەنگی ئۆکراینا نەکردووە.
وڵاتان رۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا، چەند جارێک باسیان لەوە کردووە ئێران درۆنی بۆ سوپای رووسیا دابین کردووە و مۆسکۆش لە دژی ئۆکراینییەکان بەکاری هێناوە.
لە مانگی ئابی رابردووەوە، ڤۆڵۆدمێیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ئاشکرای کرد، ئێران درۆنی بۆ رووسیا دابینکردووە. وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش رایگەیاند، بەڵگەیان هەیە رووسیا درۆنی ئێرانی لە هێرشەکانی بۆ سەر شارەکانی ئۆکراینا بەکاردێنێت، بەتایبەتی لەو هێرشانەی کە ژێرخانی مەدەنی ئۆکراینایان کردووەتە ئامانج، بەڵام رووسیا و ئێرانیش هەمیشە ئەو تۆمەتانەیان رەتکردووەتەوە.
لە 21ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا و ئەڵمانیا، داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لێکۆڵینەوە بکات لە ناوەڕۆکی رێککەوتنی بەرنامی ئوتۆمی ئێران کە فرۆشتنی درۆنیش بەشێکە لەو رێککەوتنامەیە و تاران بۆی نییە، چەند جۆرێک چەک و تەقەمەنی بە وڵاتان بفرۆشێت، بەڵام تاران رەتیکردووەتەوە ئەو خاڵە بەشێک بێت لە رێککەوتنامەکەی ساڵی 2015.
رۆژی 9ی کانوونی یەکەمی 2022، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی ئێستا بووەتە گەورەترین پاڵپشتیکاری سەربازی رووسیا لە جەنگی ئۆکراینا و گوتی: "ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەداتە رووسیا بۆ ئەوەی لە شەڕی ئۆکراینادا بەکاریان بهێنێت و خەڵکی بێتاوانی ئۆکراینییان پێ بکوژێت. لەبەرامبەردا رووسیا هاوکاری بێ پێشینەی سەربازی و تەکنیکی پێشکێشی ئێران دەکات. رووسیا و ئێران خەریکن پەیوەندییەکانیان لە قۆناخی هاوبەشییەوە بۆ پێکەوەکارکردنێكی ستراتیژی دەگوازنەوە. ئێران لە مانگی ئابەوە بووەتە گەورەترین پاڵپشتیکاری سەربازی رووسیا."