پەرلەمانتارێک بەهۆی رێگریکردن لە جلوبەرگی کوردی هۆشداری دەداتە وەزیری نەوتی ئێران


رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری شاری مهاباد لە پەرلەمانی ئێران رەخنەی تووند لە بەرپرسانی پاڵاوگەی پیترۆکیمیایی مهاباد دەگرێت و دەڵێت، چەندین کارمەندی ئەو پاڵاوگەیە ئاگاداریان کردووەتەوە کە رێگە نادەن بە جلوبەرگی کوردییەوە بچنە سەر کار و دەشڵێت، "هۆشداریم داوەتە وەزیری نەوتی ئێران و پێم گوتووە کە جلی کوردی بەشکۆترین جلوبەرگە لە جیهاندا و دەبێ ئەو مامەڵەیە کۆتایی پێ بێت".
 
رۆژی هەینی، 12-05-2023، جەلال موحموودزادە، نوێنەری شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پەرلەمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە، "کۆمەڵێک کارمەندی پاڵاوگەی پیترۆکیمیایی مهاباد سکاڵایان لا کردووم کە بەرپرسانی ئەو پاڵاوگەیە رێگە نادەن بە جلوبەرگی کوردییەوە بچینە سەر کارەکان".
 
پاڵاوگەی پیترۆکیمیایی مهاباد لە ساڵی 2015ـەوە خراوەتەکار و دەکەوێتە نزیک رێگەی نێوان مهاباد ورمێ؛ بەشێکی ئەو پاڵاوگەیە لەلایەن کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت بەناوی کۆمپانیای باختەر بەڕێوەدەبرێت و ساڵانە 300 هەزار تۆن پۆلی ئەتیلینی سووک و قورس بەرهەم دەهێنێت و 80٪ـی بەرهەمەکەی هەناردە دەکات.
 
جەلال مەحموودزادە لەبارەی رێگریکردنی بەرپرسانی ئەو پاڵاوگەیە دەڵێت، "هۆشداریم داوەتە وەزیری نەوتی ئێران و پێم گوتووە کە جلوبەرگی کوردی بەشکۆترین جلوبەرگە لە جیهاندا و دووبارەبوونەوەی ئەم مامەڵە بێبەهایانە لێکەوتەی قورسی دەبێت بۆ ئەو کەسانەی بڕیاری لەو شێوەیان داوە".
 
نزیکەی 647 کارمەند و کرێکار لە پاڵاوگەی پیترۆکیمیایی مهاباد کاردەکەن کە لەو ژمارەیە نزیکەی 63٪یان کوردن، ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر کەمتر لە 35٪ـی کارمەندانی پاڵاوگەکە خەڵکی ناوچەکە بوون، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی خەڵک و هەڵوێستی نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی ئێران، ئەو رێژەیە بەرزبوویەوە بۆ نزیکەی 63٪. 
 
بەپێی یاساکانی پەیوەست بە ژینگە لە ئێران، کاتێک پاڵاوگەیەکی پیترۆکیمیایی لە ناوچەیەک دادەنرێت، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی بە ژینگەی دەگەیەنێت، ناچار دەکرێت بە رووبەری 100 دۆنم زەوی بکات بە دارستان و ئەرکی پاراستن و ئاودانیشی بگرێتە ئەستۆ، پاڵاوگەی پیترۆکیمیایی مهابادیش دوو هێندەی ئەو رووبەرەی کردووەتە دارستان کە 212 دۆنمە و 50 باخەوانی لە خەڵکی ناوچەکە دامەزراندووە بۆ خزمەتکردنی دارستانەکە.