بۆردی چاودێریی مێتا: درووشمی "مەرگ بۆ خامنەیی" تووندوتیژانە نییە
رووداو دیجیتاڵ
بۆردی چاودێریی کۆمپانیای مێتای خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، بڕیاری کۆمپانیای فەیسبووکی لەسەر بلۆککردنی درووشم و پۆستی (مەرگ بەر خامنەیی) واتە (مەرگ بۆ خامنەیی) هەڵوەشاندەوە.
بۆردی چاودێریی مێتا لەلایەن کۆمپانیای فەیسبووکەوە بودجەی دابین دەکرێت، بەڵام بە سەربەخۆیی کاردەکات و رایگەیاندووە، درووشمی (مەرگ بەر خامنەیی) درووشمێکی سیاسییە و بە مانای نەمان بۆ خامنەیی دێت، ناچێتە چوارچێوەی تووندوتیژییەوە.
کۆمپانیای مێتا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی، فەیسبووک و ئینستاگرام لە ئێران رووبەڕووی رەخنەی زۆر بوونەتەوە بەهۆی ئەوەی کە پۆست و بابەتەکانی بەکاربەرانی ئێرانی کە لە دژی حکومەت و دەسەڵاتدارانی ئێرانییە، بلۆک دەکات.
کۆمپانیای مێتا دەڵێت، درووشمی (مەرگ بەر خامنەیی) بەو مانایە نییە کە هەڕەشەی راستەقینە و جیدی بۆ کوشتنی بکرێت، لەبەر ئەوە ناچێتە ئەو چوارچێوەی کە لەبەر ناوەڕۆکی تووندوتیژانە قەدەخە بکرێت.
پێشتر تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رێگەی بە بەکاربەران داوە بە شێوازێکی سنووردار درووشمی (نەمان بۆ پووتین) لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە پۆست بکەن.