دوو کەس لە ئێران بە تاوانی سووتاندنی قورئان لەسێدارەدران

رووداو دیجیتاڵ

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەڵێت، بەیانی ئەمڕۆ دوو کەسیان بە تاوانی "سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام و پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)؛ هەروەها سووتاندنی قورئانی پیرۆز" لە سێدارە داوە.
 
بەپێی راگەیاندنی ئێران، یوسف میهرداد یەکێک لەو دوو کەسە بووە کە ئەمڕۆ لەسێدارە دراوە؛ ئەو هاووڵاتییە لە شاری ئەردەبیل لە باکووری ئێران دەستگیرکرابوو و گوایە "بە ناوی جیاوازەوە ئەدمینی لانیکەم 15 گرووپ و کەناڵی دژی ئایین بووە".
 
کەسی دووەمیان سەدروڵڵا فازلی زارع بووە کە گوایە لە رێگەی کۆمەڵێك هەژمارەوە "برەوی بە بابەتی دژەئیسلام داوە؛ دژی ئایینی ئیسلام پڕوپاگەندەی بڵاوکردووەتەوە و سووکایەتیی بە پیرۆزییەکان" کردووە. 
 
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، سەدروڵڵا فازلی زارع "ئەدمینی 20 گرووپ و کەناڵ بووە کە دژی ئیسلام بابەتیان بڵاوکردوەتەوە." ئەو لە شاری یاسووج لە پارێزگای کۆهگیلویە و بۆیرئەحمەد دەستبەسەر کراوە.
 
رۆبەرت مالێی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، پێشتر لە توویتێکدا گوتبووی، "لە ئەگەری لەسێدارەدانی یوسف میهرداد و سەدروڵڵا فازلی زارعی زۆر توڕەم. ئێران دەبێت ئازار و ئەشکەنجەدانی ئەو کەسانە رابگرێت کە کەڵک لە مافی ئازادی ئایینی وەردەگرن".
 
لە رۆژانی رابردوودا، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداریان دابوو کە ئەو دوو کەسە بۆ بەندیی تاکەکەسی زیندانی شاری ئەراک گوازراونەتەوە و ئەگەری هەیە لەسێدارە بدرێن.
 
بەپێی یاسای ئێران، هەرکەسێک سووکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) یان هەر کام لە پێغەمبەرەکانی دیکە (د.خ) بکات، سزای سێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنرێت.
 
ئەو دوو کەسە هاوینی ساڵی 2021 بڕیاری سزای لەسێدارەیان بۆ دەرکرابوو.