محەممەد جەواد زەریف: بۆردوومانەکەی ئەم دواییەی ئەمریکا لە سووریا هەڵە بوو

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، هێرشەکەی مانگی رابردووی ئەمریکا بۆسەر گرووپە چەکدارە شیعەکان لەسەر سنووری عێراق و سووریا "زۆر مەترسیدار" بوو و کاری لەو جۆرەش هەڕەشە لە سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات.
 
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، بۆردوومانەکەی ئەمریکا هەڵە بوو، "هەنگاوی ئەمریکییەکان بەرامبەر یەکپارچەیی خاک و سەروەریی سووریا زۆر مەترسیدار بوو، هیچ کاریگەرییەکیشی نابێت، جگە لە بڵاوکردنەوەی نائارامی لە ناوچەکەدا".
 
رۆژی 15ی شوبات، ژمارەیەک مووشەک ئاراستەی هەولێر کران و لە وەڵامی ئەوەشدا سوپای ئەمریکا رۆژی 25ی مانگ هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر دوو گرووپی حەشدی شەعبی لە ناوچەی ئەلبوکەمال لە سووریا لەنزیک سنووری عێراق.
 
جۆ بایدن لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرێس لەبارەی ئەو هێرشە گوتی، "بە فەرمانی من، رۆژی 25ی شوباتی 2021، هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژێرخانی پێگەیەکی تایبەت بە میلیشیا چەکدارەکانی پاڵپشتیکراوی ئێرانیان کردە ئامانج". هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد "ئەو میلیشیایانە دەستیان هەبووە لە هێرشکردنە سەر سەرباز و ستافی ئەمریکی و هاوپەیمانەکانیان لە عێراق، لەنێویاندا هێرشەکانی سەر هەولێر و بەهۆیانەوە ئەندامێکی تیمە سەربازییەکانی ئەمریکا و چوار بەڵێندەری ئەمریکی برینداربوون".
 
بابەتێکی دیکە کە محەممەد جەواد زەریف قسەی لەبارەوە کردووە، بریتیبوو لە گوشارەکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، لەوبارەیەوە رایگەیاند "وادیارە بایدن هێشتا بەردەوامە لە درێژەدان بە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار، ئەوەش لەڕێگەی سزا ئابوورییەکان و ئەو هەڵانەی لە ناوچەکەدا دەیانکات، سەرەڕای ئەوەی بە ئاشکرا دانی بەوەدا ناوە کە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ترەمپ شکستی هێنابوو".
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەی خستووەتەڕوو "پێموایە هێشتا ئیدارەی بایدن لەبارەی سیاسەتی دەرەوە نەگەیشتووەتە ئەنجام" و باسی لەوەش کردووە، کۆشکی سپی گوشاری زۆری لەسەرە، لەوانەش لەلایەن ئیسرائیل و سعودیەوە بۆئەوەی دەستبەرداری بیرۆکەی گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ببێت.