بەریتانیا سزای نوێ بە سەر ئێراندا دەسەپێنێت

رووداو دیجیتاڵ 

بەریتانیا ژمارەیەک سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند. هۆکارەکەی بۆ "پێشێلکردنی مافی مرۆڤ" دەگەڕێنێتەوە. 
 
جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئەوەی ئێمە لە 18 مانگی رابردوودا بینیومانە، ئاستێکی بێوێنەی تووندوتیژییە لەلایەن ئێرانەوە دژی خەڵک لێرە لە بەریتانیا؛ ئەوان دەیانەوێت دەنگە ناڕازییەکان بێدەنگ بکەن. رێکار بۆ رێگری لەو کارانە گیراوەتە بەر." 
 
ئێستا بەریتانیا 350 سزای چالاکی لەسەر دامەزراوە و کەسایەتییەکانی ئێران هەیە.
 
سزا نوێیەکەی بەریتانیا بۆسەر ئێران 13 کەسایەتی و دامەزراوە دەگرێتەوە، لەنێویاندا موراد فەتحی، بەڕێوەبەری گشتیی گرتووخانەکانی پارێزگای سنە؛ حەیدەر پەسەندیدە، سەرۆکی گرتووخانەی ناوەندی سنە؛ ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی کولتووری، ئەنجوومەنی باڵای رووبەڕووبوونەوەی هێرشی ئەلیکترۆنی و ناوەندی زانیاری و توێژینەوەی تاوانە رێکخراوەکان.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، لە ساڵی 2022ەوە حکومەتی بەریتانیا رێگەی لە 15 هەوڵی کوشتن و رفاندن لەلایەن ئێرانەوە لە نێوخۆی بەریتانیا گرتووە. 
 
حکومەتی ئێرانیش هەموو ئەو تۆمەتانەی کە لەبارەی مافی مرۆڤەوە دەدرێتە پاڵی، رەتدەکاتەوە.
 
کازم غەریبئابادی، جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی باس لەوە دەکات، "هەرگیز رێگری لە دەستگەیشتنی خەڵک بە ئینتەرنێت نەکراوە. هەموو بەرنامە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، جگە لە ئینستاگرام و واتسئاپ، بەردەست بوون بۆ خەڵک. پۆلیسی ئێران کەمترین هێزی یاسایی دژی خەڵک بەکارهێناوە. بە گوێرەی لێخۆشبوونەکەی مەرجەعی باڵا، هەموو ئەوانەی دەستگیرکرابوون یان بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووبوو، لێخۆشبوونیان بۆ دەرچوو."
 
رەخنەی وڵاتانی رۆژئاوا و بەشێک لە رێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە چەند مانگی رابردوودا بەرامبەر ئێران زیادبوون، ئەوەش دوای کاردانەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر خۆپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە لە نیوەی دووەمی ئەیلوولی پارەوە دەستیان پێکرد و نزیکەی 3 مانگ بەردەوام بوون.