میدیای ئێران: باڵیۆزی ئاشتی لە تارانە
رووداو دیجیتاڵ
سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامە و تۆپستۆریی ماڵپەڕە فەرمی و نافەرمییەکانی ئێرانی رەنگ کردووە. لە رێفۆرمخوازەوە تاوەکو نەریتخواز هەواڵ و راپۆرتیان لەبارەی سەردانەکە و کۆبوونەوەکانی بڵاوکردووەتەوە.
میدیای ئێرانی کە بە کورتبڕی و ناونیشان و مانشێتی سەرنجڕاکێش لە میدیای ناوچەکە جیادەکرێتەوە، چەندین ناونیشانی جیاجیایان بۆ ئەو سەردانە داناوە.
باڵیۆزی ئاشتیی هەرێم لە تاران
رۆژنامەی شەرق بە مانشێتێکی گەورە و لەسەرەوەی هەموو بابەتەکان نووسیویەتی "باڵیۆزی ئاشتیی هەرێم لە تاران" لەوبارەیەوە راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە، ساردی و گەرمیی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێرانی لەماوەی ساڵانی رابردوو بیرهێناوەتەوە.
بە ئاماژەدان بە کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، نووسیویێتی؛ سەردانەکە "مژدەی داهاتوویەکی گەشە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تاران و ئاسایشی ناوچەکە."
دیداری نێچیرڤان بارزانی و رێبەری باڵا
لەگەڵ وێنەیەکی هەردووکیان بە گەورەیی، رۆژنامەی (ئارمانی میللی) بەشی سەرەوەی لە پەڕەی یەکەمی رۆژنامەکەی داوە بەو بابەتە و، راپۆرتەهەواڵێکی لەبارەی سەردانەکە و کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی بڵاوکردووەتەوە.
ئارمانی میللی لەسەر وێنەکە نووسیویێتی "دیداری نێچیرڤان بارزانی و رێبەری باڵا"، هەروەها لە راپۆرتەهەواڵەکەدا باسی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران دەکات.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئیبراهیم رەئیسی داوای لە نێچیرڤان بارزانی کردووە "خاکی هەرێمی کوردستان لە دژی ئێران بەکارنەهێنرێت"، نێچیرڤان بارزانی جەختی لە پابەندبوون و رێزگرتن لە هاوکاریی نێوان هەردوولا کردووەتەوە.
ئاسایشی ئێران؛ هێڵی سووری هەرێم
رۆژنامەی شەهرەوەند، مانشێتی سەرەکیی رۆژنامەکەی بۆ کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تەرخانکردووە و بە گەورەیی نووسیویێتی "ئاسایشی ئێران؛ هێڵی سووری هەرێم."
رۆژنامەکە لەوبارەیەوە راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویێتی: پەیامی ئەم سەردانە ئەوەیە پاراستنی ئاسایشی ئێران هێڵی سوورە بۆ هەرێمی کوردستان.
رۆژنامەکە بەوردی باس لە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری ئێران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەکات.
پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەولێر و تاران
مانشێتی یەکەمی رۆژنامەی نەریتخوازی "خوراسان" تایبەتە بە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە.
رۆژنامەکە بە وردی باسی کۆبوونەوەکانی کردووە، وەکو بابەتێکی گرنگی رۆژی دووشەممەی ئێران نێوی بردووە، نووسیویێتی؛ دەتوانێت سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە مسۆگەر بکات، برەو بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەولێر و تاران بدات.
رۆژنامەی "قودس" بڵاوکراوەیەکی دیکەی سەر بە نەریتخوازەکانی ئێرانە، یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی لاپەڕەی یەکەمی تایبەت کردووە بە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان. لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی وردەکاریی نووسیوە.
رۆژنامەکە جەختی لەسەر پاراستنی ئاسایش بەتایبەت لەسەر سنوورەکان و پەرەدان بە ئابووری کردووەتەوە، کە بەگوێرەی (قودس) لە کۆبوونەوەکان باسکراوە.
ماڵپەڕەکان تەژین لە نێچیرڤان بارزانی
ماڵپەڕی فەرمیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، هەواڵی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی داناوە.
لاپەڕەی راگەیاندنی فەرمیی سەرۆککۆماری ئێران، ئەلبوومێک لە وێنەکانی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیبراهیم رەئیسی بڵاوکردووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی مێهر لە راپۆرتێکدا لەبارەی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران، نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکان باس دەکات. ماڵەپەڕەکە نووسیێتی: پەیامە گرنگەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران، "برەودانەوە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بووە."
ماڵپەڕی میهر بڵاویکردووەتەوە؛ لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لە پابەندبوونی هەردوولا بە جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە و گەشەدان بە دۆخی ئابووری کراوەتەوە.
لە بارەی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، نووسیویێتی؛ هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە دەرگەی نوێ بۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستان و ئێران بکرێتەوە بۆ پەرەپێدان بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
ماڵپەڕ و رۆژنامەی رێفۆرمخوازی ئیعتماد، یەک لە مانشێتەکانی تایبەت کردووە بەو سەردانە، بە گرنگییەوە باس لە کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و عەلی خامنەیی دەکات. کۆبوونەوەکەی بە "دەستپێکی پەیوەندییەکی چڕ لەنێوان هەولێر و تاران" وەسفکردووە.