پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران؛ تارانی بەڵێنی هاوئاهەنگی داوە و ئیسرائیلیش هۆشداریی دەدات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە دوای گەڕانەوەی لە تاران، لە ڤییەننای نەمسا قسەی بۆ میدیا کرد.
رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، "بەردەوام شت روویداوە بەبێ ئەوەی توانامان هەبووبێت زانیاری لەبارەیەوە بە دەستبهێنین، هیوادارین ئەو بارودۆخە بوەستێت."
وەک رافائێل گرۆسی دەڵێت، "کارەکەمان قورسە، چونکە لە ماوەی رابردوودا کامێراکانی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران کوژابوونەوە و نازانین چی کراوە، بۆیە پێویستە لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکانمان کۆببینەوە و قسە بکەین."
گرۆسی لە تاران لەگەڵ گەورە بەرپرسانی وڵات کۆبووەوە، چونکە لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم چەند گەردیلەیەکیان لە دوو ئامێری سانتریفیوج ئای ئار-6 لە وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆ دۆزیبووەوە رێژەی پوختەکردنەکەی نزیکەی 84٪ بووە.
ئێران ئەو راپۆرتانەی رەتکردەوە و گوتی، چەند گەردیلەیەک نییە، بەڵکو یەک گەردیلەیە و تەنانەت بە مایکرۆسکۆپیش نابینرێت.
رۆژی 01-03-2023، محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران گوتی، "سەبارەت بەو گەردیلە لە 84٪ـه کە وەک نموونە لە تەنیشت یەکێك لە پایپەکان وەرگیراوە، ئەو گەردیلەیە تەنانەت بە مایکرۆسکۆپیش نابینرێت، ئەوەی کە گرنگە بەرهەمە گشتییەکەیە کە لەدوای بەرهەمهێنانی کۆگا دەکرێت، ئەو بەرهەمە لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتییەوە پشکنینی بۆ کراوە و ئاستی پوختەکردنی لە 60٪ تێناپەڕێت."
نیگەرانی چەند ساڵەی ئیسرائیل خەریکە بۆ ترس دەگۆڕدرێت و نەتانیاهوو جارێكی دیکە بەڵێنیدا رێگە بە ئێران نەدات دەستی بگاتە چەکی ئەتۆمی و دەڵێت، لەگەڵ هاوپەیمانە ئەمریکییەکانمان لەسەر ئەو خاڵە هاوڕاین.
لەکاتێكدا ئێران بەڵێنی هاوکاریکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتی و چالاککردنەوەی کامێرەکانی نێو وێستگەکانی داوە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا گەیشتووەتە ناوچەکە و پەڕاوی ئەتۆمی ئێران یەکێکە لە پەڕاوە گەرمە تاوتوێکراوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە.