ئەنجامی هەڵبژاردن لە ورمێ مشتومڕی لە سەرانسەری ئێران ناوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رێژەی بەشداریی کورد لە پارێزگای ورمێ زۆرترین مشتومڕی لە سەرانسەری ئێران ناوەتەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تورک، کورد بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە فێڵیان لێکردوون؛ ئەوانیان هانداوە بۆ بایکۆت و خۆیان چوونەتە سەر سندووق. لەکاتێکدا بەپێی ئامارەکان ئەمە راست نییە.
لە بازنە یەکپارچە کوردییەکانی وەک بۆکان، مەهاباد و پیرانشار، رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لەنێوان 20 بۆ 40 لەسەد بووە. ئەو رێژەیە لە ناوچە تورکییەکانی وەک چواربورج، میاندواو، کەشەور، چایپارە و رۆژئاوای خۆی، لەسەرووی 50٪ بووە.
تاوەکو ئێستا حکومەت جگە لە راگەیاندنی ئەنجامی بازنەکان، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی بڵاونەکردووەتەوە و بێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی ئەو کەسانە بدات کە دەنگیانداوە، رایگەیاندووە؛ رێژەی بەشداری لە ورمێ نزیکەی 47٪ بووە، لەکاتێکدا بەپێی کۆکردنەوەی دەنگەکان لە بازنەکاندا، رێژەی دەنگی دروست لەو پارێزگایە 43٪ بووە.
ورمێ؛ پەرتبوونی دەنگی تورک و سوپرایزی سادق تەوەکووڵی مێهر بۆ کورد
لە پارێزگای ورمێ دوو ملیۆن و 564 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، کە بەسەر 10 بازنەی هەڵبژاردن دابەشکران و 12 نوێنەریان لە پەرلەمانی ئێراندا هەیە.
گەورەترین بازنەی هەڵبژاردن بازنەی هەڵبژاردنی ورمێیە، کە تێیدا 811 هەزار دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە. لەم هەڵبژاردنەدا 382 هەزار کەس دەنگیان دا و لەو ژمارەیەدا 363 هەزار دەنگ دروستبوون. دوو کورد بە ناوەکانی حاکم مەمەکان و شەهێن جەهانگیری و مەلایەکی تورک بە ناوی سەلمان زاکر بوونە پەرلەمانتار.
لە ورمێ 112 کەس رکابەرییان بۆ سێ کورسی دەکرد. زۆرینەی سەرۆک هۆز و کەسایەتییە کوردەکان بە دەستپێشخەری سادق تەوەکوولی مێهر سەرۆکی ئەنجوومەنی قەزای ورمێ لەسەر سێ بەربژێر ساخ بوونەوە و لە رێوڕەسمێکدا حەوت بەربژێریان کشاندەوە. هەر بۆیە زیاتر لە 80٪ـی دەنگەکانی کورد بۆ ئەو سێ بەربژێرە چوون.
لە ورمێ کورد زیاتر لە تورک دەنگی دا؟
بەپێی بەدواداچوونەکان لە ورمێ لە کۆی نزیکەی 380 هەزار دەنگدەری کورد، 160 هەزاریان دەنگیان داوە. لەو ژمارەیە 10 هەزار دەنگ بە بەربژێرە تورکەکان دراون و نزیکەی 11 هەزار دەنگیش بە پووچەڵ هەژمار کراون، بەڵام 80٪ـی دەنگەکان بۆ لیستی هاوبەشی "یەک رەنگ"ـی کورد چووە.
لەبەرامبەردا تورک لە کۆی 420 هەزار دەنگدەر، نزیکەی 220 هەزاریان دەنگیان داوە، کە دەنگەکانیان بەسەر دوو بەرەی جیاواز و بەربژیرەکاندا دابەش بوون. بەشێک لە دەنگدەرانی تورک ئامادە نەبوون، دەنگ بە سێ بەربژێر بدەن و دەنگیان تەنیا بە بەربژێرێک دا، ئەمەش وایکرد دەنگیان پەرت بێت و دوای 45 ساڵ لە ژمارەی نوێنەر لەو بازنەیە ببنە کەمینە.
خۆی و چایپارە؛ فۆبیای کورد و دەنگدان بە بەربژێرێکی خراپ
خۆی و چایپارە دووەم بازنەی گەورەی هەڵبژاردنە لە پارێزگای ورمێ. لە خۆی و چایپارە 291 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو. لەو ژمارەیە 165 هەزار کەس دەنگیان دا، بەڵام نزیکەی 9 هەزار دەنگیان پووچەڵ کرانەوە و کۆی دەنگە راستەکان نزیکەی 156 هەزار دەنگ بووە. لەو بازنەیە عادل نەجەفزادە بە درووشمی "پاراستنی عەقڵانییەت" توانی 49 هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت و جارێکی دیکە بچێتەوە بەهارستان.
رێژەی دەنگە دروستەکان لە خۆی 53.6٪ بووە. لە خۆی بۆ یەکەمجار شیاوەتی کوردێک پەسند کرا. ئومێد حەسەنپوور توانی 30 هەزار دەنگی کوردی شارەکە بەدەستبخات. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە؛ نزیک بە یەک لەسەر سێی دەنگدەرانی کورد بەتایبەت لە کوتوول و فیرورەق دەنگیان بە بەربژێرە تورکەکان دا.
میاندواو، چواربورج و باروق؛ شکانی شکۆی موحببی نیا و کەسوکارەکانی
لە میاندواو کە زیاتر لە 90٪ـی دەنگدەرانی تورکن. 208 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو ژمارەیەدا 101 هەزار کەس دەنگی دا، بەڵام بەربژێرەکانیان توانیان 96 هەزار دەنگ بەدەستبێنن. لە میاندواو عەلی ئەحمەدی ئەندامی پێشووی سوپای پاسداران توانی بە درووشمی "رێگری لە گواستنەوەی ئاوی جەغەتوو و تەتەهوو" و، بڵاوکردنەوەی چەند بەڵگەنامەیەک ببێتە سوپرایزی هەڵبژاردن لەو شارە و بە 33 هەزار دەنگ بچێتە پەرلەمان و رێگەی نەدا جەهانبەخش موحببی نیا بۆ سێیەمجار بە نوێنەرایەتی شارەکە بگاتە پەرلەمان.
ئەوەی لە میاندواو جێگەی سەرنجە لە نزیکەی 21 هەزار دەنگدەری کوردی دەوروبەری شارەکە، تەنیا سێ هەزار کەس دەنگیان داوە، هەر ئەوەش بە هۆکاری سەرەکیی شکستی ئەم بەربژێرە کاریگەرەی نەریتخوازان لە میاندواو لەقەڵەمدەدرێت. رێژەی بەشداری لە میاندواو 48.6٪ بووە.
بۆکان.. گەڕانەوەی قەسیم عوسمانی بۆ بەهارستان
بۆکان لە ئاستی پارێزگای ورمێ کەمترین رێژەی بەشداریی هەبووە. لە بازنەی هەڵبژاردنی بۆکان 191 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو. لە هەڵبژاردندا 48 هەزار کەس دەنگیان دا، بەڵام تەنیا 40 هەزار دەنگیان دروست بوون و نزیکەی 17٪ـی دەنگەکان سپی و پووچەڵ بوون.
لە بۆکان قەسیم عوسمانی بۆ سێیەم جار بە 13 هەزار دەنگ گەڕایەوە پەرلەمانی ئێران. رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە بۆکان 25٪ بووە. واتا لە هەر چوار بۆکانییەک، کەسێک دەنگی داوە. لەوانەش کە دەنگیان داوە لە هەر شەش کەسێک، یەکێکیان دەنگەکەی سووتاندووە.
مهاباد؛ بایکۆت بێژەرێکی بەشانس دەکاتە پەرلەمانتار
بەهۆی رەتکردنەوەی شیاوەتی جەلال مەحموودزادە، نوێنەری ئێستای مهاباد و لە رەخنەگرانی سەرەکی حکومەتی رەئیسی، وەک پێشبینی دەکرا رێژەی بەشداری لە مهاباد هاوشێوەی سێ هەڵبژاردنی پێشوو کەمتر لە 30٪ بوو.
حەسەن عەباسی قایمقامی شارەکە هەوڵیدا ژمارەی دەنگدەران لەنێو ئامارە فەرمییەکان کەمبکاتەوە و رایگەیاند؛ 170 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە. بەڵام بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و دەرمانی شارەکە، زیاتر لە 183 هەزار کەس تەمەنیان سەروو 18 ساڵە و مافی دەنگدانیان هەیە.
لە مهاباد 47 هەزار کەس چوونە سەر سندووقەکان، بەڵام تەنیا 41 هەزار کەس دەنگی دروستیان دا. بێژەرێکی پێشووی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران بە 15 هەزار دەنگ بە نوێنەری پەرلەمان هەڵبژێردرا. رێژەی دەنگی دروست لە مهاباد 22.4٪ بوو.
پیرانشار، سەردەشت و میرئاوا... کەمترین بەربژێر
لەم بازنەیە لە ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستان کەمترین بەربژێر هەبوو. 181 هەزار دەنگدەر دەبوو لەنێوان چوار بەربژێر کەسێک رەوانەی پەرلەمان بکەن. لە سەردەشت 25 هەزار، لە میرئاوا 10 هەزار و لە پیرانشار 33 هەزار کەس دەنگیان دا و کەمال حوسێنپوور توانی بە رێژەیەکی ئێجگار جیاواز لەگەڵ رکابەرەکانی بۆ دووەم جار بچێتە پەرلەمانی ئێران. لەو سێ شارە 68 هەزار کەس دەنگیان دا، بەڵام 8 هەزار دەنگیان پووچەڵ بوون. بەپێی ئامارە فەرمییەکان رێژەی بەشداریکردن 37.6٪ بووە.
ئاپێ عەمەر بەبێ کەمپەینێکی بەهێز 43 هەزار دەنگی بەدەستهێنا
لەم بازنەیە بۆ یەکەمجار کوردێک توانی زۆربەی دەنگەکان بەدەستبخات و بگاتە پەرلەمانی ئێران. عومەر عەلیپوور مامۆستای خانەنشینە و ماستەری لە ئەدەبیات و زمانی فارسی هەیە. عومەر عەلیپوور کە خەڵکی خۆجێی بە "ئاپێ عەمەر" دەیناسن، بێ ئەوەی کەمپەینێکی بەهێزی هەبێت، توانی لە کۆی 118 هەزار دەنگی دروست، 43 هەزار دەنگ بەدەست بخات و ببێتە یەکەم کورد و سوننە مەزهەبی ناوچەی ئازادی ماکۆ، کە دەگاتە پەرلەمانی ئێران.
شارەزایان پێیانوایە سەرکەوتنی ئاپێ عەمەر بەهۆی هەڵەی دوو بەربژێری تورک بووە لە دوو رۆژی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردن، کە ژمارەیەک درووشمیان لەدژی کورد بەرزکردەوە. لە ماکۆ 178 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە. لەو ژمارەیە 122 هەزار کەس دەنگی دا. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان رێژەی بەشداری لەو بازنەیە 68.5٪ بووە، کە زۆرترین رێژەیە لە هەموو پارێزگای ورمێ.
نەغەدە و شنۆ.. سەرکەوتنی حوسێنزادە بەسەر شەپۆلی بایکۆت
نەغەدە و شنۆ یەکێک لە هەستیارترین بازنەکانی هەڵبژاردنە لە پارێزگەی ورمێ. لەم هەڵبژاردنەدا تورک پێچەوانەی دوو خوولی پێشوو نەیانتوانی لەسەر بەربژێرێک رێککەون و لەبەرامبەریشدا بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی و گەنجانی کورد لەسەر دەنگدان بە عەبدولکەریم حوسێنزادە ساخبوونەوە و بەشێک لە بەربژێرە کوردەکانیش کشانەوە. ئەمە وایکرد کورد بە 45 هەزار دەنگ بەسەر 52 هەزار دەنگی تورک سەربکەوێت.
لە نەغەدە 20 هەزار و لە شنۆ 29 هەزار کورد چوونە سەر سندووق و 36 هەزاریان دەنگیان بە حوسێنزادە و دوای دوو خول جارێکی دیکە کوردێک بووە نوێنەری شارەکە. لە شنۆ و نەغەدە 157 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو ژمارەیە 97 هەزار کەس دەنگیان دا، بەڵام تەنیا 92 هەزار دەنگیان دروست بوون. قایمقامی نەغەدە رایگەیاند رێژەی بەشداری لەو بازنەیە 62٪ بووە.
سەڵماس.. هەڵبژاردنێکی بێ گرفت بۆ پەرلەمانتاری ئێستای شارەکە
لە سەڵماس ئەم خولە شیاوەتی هیچ بەربژێرێکی کورد پەسند نەکرا و رکابەری لەنێوان نوێنەری ئێستا و پێشووی شارەکە بوو. لە سەڵماس لە کۆی 155 هەزار دەنگدەر 77 هەزار کەس دەنگیان دا. یەعقووب رەزازادە نوێنەری ئێستای شارەکە بە 19 هەزار دەنگ، کە بەشێکی زۆری لە ناوچە کوردییەکانەوە بوون، توانی پارێزگاری لە کورسییەکەی لە نێو پەرلەمانی ئێراندا بکات. زەبیحوڵڵا کازمی قایمقامی شارەکە رایگەیاندبوو رێژەی بەشداری لەو شارە نزیکەی 50٪ بووە.
سایین قەڵا و تیکاب... دابەشبوونی کورد بەسەر بەربژێرە تورکەکان
ئەم بازنەیە بچووکترین بازنەی هەڵبژاردنە لە پارێزگای ورمێ و زیاتر لە 75 لەسەدی دانیشتووانەکەی کوردن. لە سایین قەڵا شیاوەتی کوردێکی شیعە و لە تیکابیش شیاوەتی کوردێکی سوننە پەسند کران، بەڵام دەنگدەرە کوردەکان زیاتر مەیلیان لە بەربژیرە تورکەکان بوو. لەم هەڵبژاردنەدا محەممەد میرزایی کەسایەتیی ئاینی شیعە توانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبخات و هەر دوو بەربژێری کورد پێکەوە کەمتر لە 11 هەزار دەنگیان بەدەستهێنا.
لە سایین قەڵا و تیکاب 144 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام 75 هەزار کەس دەنگیان دا کە لەو ژمارەیە 71 هەزاریان بۆ بەربژێرەکان رۆشت و 4 هەزار دەنگیش پووچەڵکرانەوە. رێژەی بەشداری لەم بازنەیە 52٪ بووە.
دەستکاریکردنی ئەنجامەکانی دەنگدان
حکومەت رایگەیاندووە لە پارێزگای ورمێ سەرووی 46.7 لەسەد کەس دەنگیان داوە، بەڵام ژمارەی دەنگەکانی ئاشکرا نەکردووە. بەپێی بەدواداچوونی رووداو بۆ ئامارە فەرمییەکان لە پارێزگای ورمێ 2 ملیۆن و 564 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە. لەو ژمارەیە ملیۆنێک و 172 هەزار کەس دەنگیان داوە، کە دەکاتە 45.6٪ـی کۆی دەنگدەران. بە هەژمارکردنی 68 هەزار دەنگی پووچەڵ [5.8٪ـی کۆی دەنگەکان] رێژەی دەنگی دروست لەو پارێزگایە 43٪ـی بووە. کە 7 نوێنەری کورد و 5 نوێنەری تورک دەرچوون.