فەرماندەیەکی سوپای پاسداران هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، چاودێریی جموجۆڵی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستاندا دەکەن.
 
محەممەد تەقی ئوسانلو، فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ میدیای لوبنانی رایگەیاند، سنووری نێوان رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان لەژێر کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانی ئێراندایە، بەڵام "لە دیوی عێراقەوە جموجۆڵی تێکدەرانە" هەن.
 
فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران ئاماژە بەوە دەکات، "بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی داوایان لە بەرپرسانی کوردستانی عێراق کردووە کە گرووپە تیرۆریستییەکان هەڵبوەشێننەوە، بەڵام بەداخەوە هیچ جۆرە هاوکارییەک لەوبارەوە نەکراوە. ئەوان دەزانن کە ئێمە بە وردی بنکە و بارەگاکانی ئەو گرووپانە چاودێری دەکەین."
 
ئوسانلو دەشڵێت، "دەمانتوانی سەرکردەیەکی ئەو گرووپانە بکەینە ئامانج، بەڵام بەهۆی ئەوەی هاوژین و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەیی لەگەڵ بووە، ئەو کارەمان نەکرد."
 
ئەو فەرماندەی سوپای پاسداران ئەوەشی خستووەتەڕوو، حکومەتی ئێران نزیکەی 23 کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنی بەرامبەر بۆ چارەسەری ئەو پرسە لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە ئەنجامداوە و هەڵوێستی خۆی بە لایەنی عێراقی راگەیاندووە، "دۆسیەیەکی روونمان ئامادە کردووە لەبارەی ئەو گرووپە تیرۆریستییانەی کە لە هەرێمی کوردستانی عێراقن و داوامان کردووە رادەستی ئێرانیان بکەنەوە."
 
فەرماندەکەی سوپای پاسداران گوتیشی، ئەگەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئەندامانی ئەو گرووپانە خێراتر رادەست بکەن، دۆخەکە باشتر دەبێت و دەشڵێت، "دەزانین بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ ئەمریکا ناشارنەوە و ئێمە لەوبارەوە دەستوەردان ناکەین."
 
ئوسانلو جەخت لەوە دەکاتەوە، دژی بوونی ئەمریکاییەکانن لەنزیک سنوورەکانی ئێران و دەڵێت، "کاتێک لەگەڵ ئەمریکییەکان رووبەڕوو دەبینەوە، ئەوە کوردستانی عێراقە کە دەبێت باجەکەی بدات. ئەمریکییەکان دەزانن کە ئێمە لەبارەی توانای سەربازی و جێگیرکردنی سەربازییان زانیاریی تەواومان هەیە و دەتوانین بیانکەینە ئامانج."