حکومەتی ئێران پلانێک بۆ رێگریی لە بەرزبوونەوەی نرخی نان جێبەجێ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

لەنێو خەڵک بە "نانی کارتی" و لەنێو نانەواکانیش بە "کارتی نان" ناوی دەبەن، پلانێکی حکومەتی ئێران بۆ گۆڕینی ئارد وەکو هاوکاریی حکومی لەسەر نانەواخانەکان بە هاوکاریی کاش بە مەرجی فرۆشتنی نان بە کارتی بانکی. 
 
عێزەت محەممەدی، نانەوایەکەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دەڵێت، "لە کارتەکان رازین، بەڵام بۆ ئێمە ناڕەحەتی زۆرە موشتەریمان هەیە هەر نازانێت کارت بەکاربهێنێت، دەبێت ئێمە چی بکەین؟ کەسانێکیش هەن دەڵێن، کارتمان پێ نییە دەبێت سوود لە کارتی خەڵکی دیکە ببینن."
 
ئەم پلانە تاوەکو ئێستا لە 26 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێکراوە، حکومەت دەیەوێت بەم شێوەیە رێگە لە گرانبوونی زیاتری نان و فرۆشتنی ئارد لەلایەن نانەواخانەکانەوە بگرێت کە جیاوازی نرخی ئازاد و حکومی ئارد، کاریگەریی لەسەر کەمبوونی ئەو پێداویستییە و گرانبوونی نان دانابوو. 
 
فرۆشتنی نان بە کارتی بانکی لە نانەواخانەکانی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەستیپێکردووە و بەشێکی زۆری خەڵک خەریکە بەو پلانە رادێن، بەڵام ژمارەیەکیش کە نە کارتی بانکیان هەیە و نە خوێندەوارییەکی تەواویان هەیە، بە پلانەکە ناڕازین.
 
سەندیکای نانەواخانەکانیی ئێران هۆشداری لە زیادبوونی گەندەڵی و جیاوازی نرخی نانی ئازاد و نانی کارتی لە دوای جێبەجێکردنی ئەو پلانە دەدات، بەڵام بەشێکی زۆری نانەواخانەکان لە پلانەکە رازین و دەڵێن، لە زۆر رووەوە کاریانی سووککردووە.
 
بڕیارە تاوەکو دوو هەفتەی دیکە پلانەکە لە هەموو ئێران بچێتە بواری جێبەجێکردن و حکومەت لە سەرەتای پاییزیشەوە نرخی نان لە هەموو ئێران جێگیر بکات. نرخێک کە دیار نییە چەند دەبێت.