مەزهەر خالقی: شانازی دەکەم خەڵکی شاری کولتوور و هونەرم

رووداو - سنە 

کۆنگرەی ناودارانی کورد لە سنە کۆتاییهات و، لەنێو ئاپۆڕای چەپڵە و جۆش و خرۆشی ئامادەبوواندا، 30 کەس وەکو ناودار خەڵاتکران.

کۆنگرەکە بەو چاوە تەماشادەکرا، کە ببێتە دەلاقە بۆ کرانەوە بە رووی گرفت و بەربەستەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان.

 

مەزهەر خالقی لە پێشوازییەکی گەرمدا لە کۆنگرەکە رووی لە هەوادارانی کرد و بە زمانی فارسی گوتارێکی پێشکەش کرد.

خالقی گوتی: "ئێرە (سنە) شاری منە و شانازی پێوەدەکەم، من شارەکەم بەناوی مەستوورە ئەردەڵان و ئایەتوڵڵا مەردۆخەوە دەناسم، ئەوان ئەو کولتوورەیان بەئێمە بەخشی کە ئێمە لەگەڵ زانست و فەرهەنگ و هونەر بین".

پێشتر ژمارەی پێشنیازکراوان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ناودارانی کورد زۆرتر بوو، بەڵام هەندێکیان رەتیانکردەوە، لە دیارترینیان، عەبدوڵڵا پەشێوی شاعیر بوو.

کەلیموڵڵای تەوەحودی، مێژوونووس لە کۆنگرەکەدا گوتی "کورد لە شەڕی چاڵدێرانەوە، هەر بەشی دەربەدەری بووە، ئێستا کە ئەمە هاتووەتە پێش، دەبێت هەموومان نرخی بزانین".

 

هەرچەندە کۆنگرەکە رەخنە و گلەیی بەدوای خۆیدا جێهێشت، بەڵام رای زۆرینە تائێستا ئەوەیە: کۆنگرەکە بۆ دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی کوردستان، دەتوانرێت ببێتە دەستکەوت و کاری دیکەی لەسەر بکرێت.