جەژنی رەمەزان لە رۆژهەڵاتی کوردستان تاموبۆنێکی جیاوازی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی جەژنی رەمەزان لە رۆژهەڵاتی کوردستان تاموبۆنێکی جیاواز لە جەژنەکانی دیکەی هەیە. زۆربەی خێزانەکان نانی بەیانی بە دەستپێکی جەژن و کۆبوونەوەی خێزان لە دەوری یەک دەزانن، بۆیە بەیانی زوو ژنانی خێزان، سفرە و خوانی بەیانی ئامادە دەکەن.
مریەم عەلیزادە، هاونیشتمانییەکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دەڵێت، "بەیانیانی جەژن برنج و سەوزی خۆرشت ئامادە دەکەین، چونکە منداڵەکان دێنەوە و بە دەوری یەکەوە دادەنیشین. گرنگ خواردنەکە نییە گرنگ ئەوەیە هەر ئەوەیە پێکەوە کۆدەبینەوە."
خەدیجە ئەحمەدی، هاونیشتمانییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان و گوتی، "من بەیانی کە هەڵساوم لە خەوم، چێشتم ئامادەکردووە. گرنگ خواردنەکە نییە گرنگ ئەوەیە لە دەوری یەک بین."
پیاوانیش هەر لە بەیانیانی جەژندا دەچنە مزگەوت بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی تایبەت بە جەژن. دوای چەند کاژێرێک دەگەڕێنەوە و پیرۆزبایی جەژن لەنێو خێزانەکان دەستپیدەکات. دواییش هەموویان لەسەر سفرەی جەژن کۆدەبنەوە.
مەجید رەسووڵی، هاونیشتمانییەکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و گوتی، "بەیانی جەژن چووم بۆ مزگەوت، دواتر هاتمەوە دەچینە سەر سفرە و نان دەخۆین. ئێمە وەک جاران یادی جەژن دەکەینەوە. کوڕ و بوکەکانم دێنەوە بۆ ماڵمان جەژنان."
دواتر جەژنە پیرۆزەی دراوسێکان و خێزانەکان لەنێو یەکدا دەستپێدەکات. هەر خێزانێک سەرەتا لە دراوسێکان و دواییش لە کەسوکاری نزیکی هەم جەژنە پیرۆزە دەکات و هەمیش گەردن ئازادی.
بۆ زۆر کەس جەژن ئەو تاموبۆنەی هەیە، بەڵام هەندێکیش سەرەڕای بەڕێوەبردنی ئەم رێوڕەسمانە، کێشەکانیشیان هەر بەردەوامە و هیوایەکیان کۆتایی هاتنییانە لەو رۆژەدا پیرۆزەدا.
تەلیعە بەهرامی، هاونیشتمانییەکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دەڵێت، "بۆ کەسێک دڵی خۆش بێت جەژن خۆشە، بۆ کەسێک دڵی ناخۆش بێت، ناخۆشە. بۆ من ناخۆش بوو چونکە کوڕەکەم نەخۆش بوو."
رۆژی دووشەممە لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رێوڕەسمەکانی جەژن بەڕێوەچوو، لە کاتێکدا حکومەتی ئێران رۆژی سێشەممەی وەکو رۆژی جەژنی رەمەزان دیاریکردووە.