ئێران: رێگەنادەین بۆ شەڕی ئازەربایجان پەکەکە بچێتە قەوقاز
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت، چوونی هێزەکانی پەکەکە و پژاک بۆ ناوچەی قەوقاز بۆ ئەوەی هاوشانی سوپای ئەرمینیا دژی سوپای ئازەربایجان شەڕ بکەن "هێشتا دەنگۆیە"، بەڵام ئەگەر نیازێکی واشیان هەبێت، "ئێران رێگەیان پێنادات".
سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی هەواڵی گواستنەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و پارتی ژیانی ئازاد - پژاک بۆ ناوچەی قەوقاز پرسیاری لێکرا، لە وەڵامدا گوتی "ئەوەی کە دەگوترێ پەکەکە و پژاک و هەروەها گرووپە تیرۆریستییە تەکفیرییەکانی سووریا هێزیان بۆ ناوچەی قەوقاز گواستووەتەوە، هێشتا دەنگۆی جێ گومانن و پشتڕاست نەکراونەتەوە".
خەتیبزادە جەختدەکاتەوە، "کۆماری ئیسلامیی ئێران رێگەنادات ئەو گرووپانە سنوورەکانی باکووری وڵات بکەنە ناوەندی هەڕەشە دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران". دەشڵێت: "گواستنەوەی تێکهەڵچوونەکان بۆ ناوچەی قەوقاز، کارەساتی زۆر گەورەتر لە کێشەی قەرەباخی بۆ ناوچە لێدەکەوێتەوە".
ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی بڵاویکردووەتەوە، لە چەند مانگی رابردوودا پارتی کرێکارانی کوردستان 300 گەریلای بۆ ئەرمینیا گواستووەتەوە و راهێنان بە میلیشیا ئەرمینییەکان دەکەن. هەروەها لە رۆژانی رابردوودا هەندێک هەواڵی پشتڕاست نەکراوە بڵاوبوونەوە کە تورکیا هێزە ئیسلامییەکانی سووریای بۆ ئازەربایجان گواستووەتەوە. وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا هەفتەی رابردوو بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو هێزانە 4 هەزار کەسن.
چوار رۆژە شەڕ و پێکدادان لە هەرێمی کێشەلەسەری ناگۆری قەرەباخ لەنێوان سوپای ئازەربایجان و ئەرمینیا بەردەوامە، راگەیێندراوە سەربازییەکانی هەردوو وڵات ئاماری جیاواز بڵاودەکەنەوە، رۆژێک ژمارەی زۆری کوژراو و رۆژێک کەم بڵاودەکەنەوە. تازەترین ئاماری راگەیاندنی سەربازیی ئەرمینیا دەڵێت 234 سەرباز لە سوپای هەردوو وڵات کوژراون، بەڵام ئازەربایجان پشتڕاستی نەکردووەتەوە.
سەرباری هەوڵە دیپلۆماسییەکان و داواکارییەکان بۆ وەستاندنی شەڕ و دەستپێکردنی گفتوگۆ، بەڵام ئەو دوو وڵاتە هێشتا لە پێکدادان و لێدوانە تووندەکان دژی یەکدی بەردەوامن.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەرمینیا لە قەرەباخ، لە چوار رۆژی رابردوودا 104 سەربازی ئەرمینیا لە قەرەباخ کوژراون، هەروەها 130 سەربازی ئازەربایجان کوژراون و 200ی دیکەشیان بریندار بوون.