ئێران پێشوازی لە گەورەترین گرووپی گەشتیاریی چین دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە 2020 و چەند هۆکارێكی دیکەی ئەمنی و سیاسیی نێوخۆیی ئێران لە ساڵانی دواتر، گەشتی گەشتیارانی بیانی، لەنێویاندا چین بۆ ئێران، بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کرد.
لە شوباتی 2023وە حکومەتی چین بەرنامەی تایبەت بە زیندووکردنەوەی تیمە گەشتیارییەکانی بۆ 20 وڵاتی جیهان دەستپێکرد و لە مانگی ئاداردا ئێرانی خستە لیستەکەوە.
گرووپێكی چینی کە لە 100 گەشتیار پێکهاتووە سەردانی ئێرانیان کرد، سەرەتای گەشتەکەیان بە کۆشکی شاهانەی سەردەمی پەهلەوییەکان لە باکووری تاران دەستیپێکرد؛ وەزارەتی گەشتیاریی ئێرانیش پێشوازیی لەو هەنگاوە کرد.
عەلی ئەسغەر شالبافیان، وەزیری گەشتیاریی ئێران رایگەیاند، "ئەوەی کە ئێوە لەدوای نەمانی رێکارەکانی کۆرۆنا، بڕیارتاندا سەردانی ئێران بکەن، سوپاسگوزارم. ئێمە هەمیشە پێشوازی لە گەشتیارانی چینی دەکەین."
دۆخی خراپی ئابووریی ئێران و داتەپینی بەهای تمەنەکەی هانی حکومەتەکەی دا ئاسانکاری پێشکێش بە گەشتیارانی بیانی بکات، لەوانەش هەڵگرتنی ڤیزا بۆ گەشتیارانی چینی و 50 وڵاتی دیکەی جیهان زۆربەیان ئاسایین.
کردنەوەی نمایشە کولتوورییە نوێیەکان و گرنگیدانی زیاتر بە فێستیڤاڵە کەلەپوورییە دێرینەکان، بەشێكە لە هەوڵی حکومەت بۆ راکێشانی گەشتیاری زیاتر.
گەنجی، بەڕێوەبەری فیستیڤاڵی گوڵاو لە تاران دەڵێت، "لێرە لە حەوتەمین فێستیڤاڵی گوڵاوی تایبەت بە دارستانی ئێرانداین. ئامانجی ئەم فێستیڤاڵە لە لایەک پەرەدانە بە پیشەسازیی گوڵاو و لە لایەکی دیکەش جووڵاندنی گەشتیاری نێوخۆیی و دەرەکیی وڵاتە."
بەر لە ساڵی 2020، ساڵانە تێكڕا 3.5 ملیۆن گەشتیاری بیانی سەردانی ئێرانی دەکرد. لە 3 ساڵی رابردوودا، ساڵانە بۆ کەمتر لە 600 هەزار گەشتیار دابەزیوە، بە تایبەتی گەشتیارانی وڵاتانی ئەوروپا.