سەندیکا کرێکارییەکانی ئێران: مووچەی مانگێکی کرێکار بەشی خەرجیی نۆ رۆژ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ساڵانە 13 هەزار کرێکار لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەکاتی کارکردندا تووشی رووداو دەبن. ساڵی رابردوو 1900یان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام هێشتاش زیاتر لە 23%ی کرێکاران بیمە نین.
کرێکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان کێشەیان کەم نین، لە دەستنەکەوتنی کارەوە تاوەکو کەمیی مووچە و گرانی. ئەو کرێکارانەی لە کارگە و کارخانەکان یان بۆ حکومەت کار دەکەن، ئەمساڵ حەقدەستیان لانیکەم 245 هەزار تمەنە. رۆژانەی بەشێک لە کرێکاران زیاترە و نزیکەی 500 هەزار تمەن وەردەگرن، بەڵام دەڵێن، دیسانیش بەشیان ناکات.
سەندیکا کرێکارییەکان دەڵێن، ئەو مووچەیەی کرێکارانی ئێران لە مانگێکدا وەریدەگرن، بەشی خەرجییەکانی 9 رۆژیان دەکات؛ رۆژ بە رۆژیش بەهۆی گرانبوونی شتومەک، توانای کڕینیان زیاتر دادەبەزێت.
لەم دۆخەشدا، هەندێک لە خاوەن کارەکان بە درەنگ پێدانی حەقدەستی کرێکاران، کێشەکانیان ئەوەندەی دیکە لێ گەورە دەکەن.
15 ملیۆن کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە کرێکاری بژێویی ژیانیان دابین دەکەن. داهاتی بەشی هەرە زۆریان کەمترە لە ئاستی دیاریکراو بۆ هێڵی هەژاری و لە دۆخێکی سەختی ئابووریدا دەژین.