نەتەنیاهوو: جەنگی غەززە چەندین مانگ دەخایێنێت

31-12-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، جەنگی غەززە "چەندین مانگ" دەخایێنێت و تاوەکو حەماس لەنێونەبەن، ناوەستن. 
 
بنیامین نەتەنیاهوو هەروەها بەڵێنی بە خەڵکی ئیسرائیل دا، بارمتەکانیان لە غەززە بگەڕێنێتەوە. گوتیشی سوپاکەیان "شەڕێکی زەحمەت" دەکات و بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی، پێویستی بە کاتە. 
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا، رۆژی شەممە (30-12-2023) نەتەنیاهوو گوتی "جەنگەکە بۆ چەندین مانگ بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی حەماس لەنێودەبردرێت و بارمتەکانیش دەگەڕێندرێنەوە." هەروەها دەڵێ "ئێمە گەرەنتی دەدەین غەززە جارێکی دیکە نابێتەوە بەوە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل." 
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەکاتێکدا باسی لەوەکرد تاوەکو ئێستا، هەشت هەزار چەکداری فەلەستینییان کوشتووە. گوتیشی "هەنگاو بە هەنگاو، حەماس لە تواناکانی بێبەش دەکەین. سەرکردەکانیشی لەنێودەبەین."
 
لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، تاوەکو ئێستا 21 هەزار و 627 کەس کوژراون، کە زۆربەی هەرە زۆریان ژن و منداڵن، ئەمە وەک وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە رایگەیاندووە. 
 
جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە حەماس لە 7ی تشرینی یەکەم، هێرشی کردە سەر ئۆردوگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە لەو رۆژەدا، نزیکەی هەزار و 140 ئیسرائیلی کوژران، کە زۆربەیان، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، خەڵکی سڤیل بوون. هەر لەو رۆژەدا نزیکەی 250 کەسیش بە بارمتە گیران و بردرانە غەززە.
 
حەماس هۆکاری هێرشەکەی گەڕاندەوە بۆ هەراسانکردن و کوشتنی هاووڵاتیانی فەلەستینی لە کەرتەکانی رۆژئاوا و غەززە، هەراسانکردنی موسڵمانان لە مزگەوتی ئەقسا لە قودس - ئۆرشەلیم و دەربەدەرکردنی فەلەستینییەکان و زەوتکردنی ماڵ و موڵکەکانیان لەلایەن جووە هاوردەکانەوە.
 
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، پێش شەڕەکە، لە سەرەتای ساڵی 2023 تاوەکو رۆژێک پێش هێرشەکەی حەماس، 34 فەلەستینی لە کەرتی غەززە و 199ی دیکەیان لە کەرتی رۆژئاوا بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کوژرابوون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا چوار ئیسرائیلی بە دەستی فەلەستینییەکان کوژرابوون.
 
ساڵی 2022، لە کەرتی غەززە 33 کەس و لە کەرتی رۆژئاواش 154 کەس بە گوللەی ئیسرائیلییەکان کوژرابوون، لە کاتێکدا لە ئیسرائیل چوار کەس بە دەستی فەلەستینییەکان کوژرابوون.
 
نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان کە مانگی رابردوو لە بەدیهێنانی ئاگربەستێکی یەک هەفتەییدا رۆڵیان هەبوو و تێیدا 100 بارمتە ئازادکران، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ئاگربەستیکی دیکە. 
 
میدیای ئەمریکی و ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەی ناونەهێنراوەوە باس لەوە دەکەن، نێوەندگیرە قەتەرییەکان بە ئیسرائیلیان گوتووە، حەماس ئامادەیە لەسەر ئازادکردنی بارمتەی زیاتر بەرامبەر بە وەستاندنی جەنگ، دەست بە گفتوگۆ بکاتەوە. 
 
کاتێک کە لە بارەی ئەگەری رێککەوتنی ئاگربەستی زیاتر، پرسیار لە نەتەنیاهوو کرا، ئەو گوتی حەماس "زۆر داواکاریی گەورەی هەبووە، ئێمە قبووڵمان نەکردوون."
 
رۆژی هەینی، شاندێکی حەماس لە قاهیرە بوو بۆ ئەوەی دانوستاندن لەسەر پلانێکی میسر بکەن، کە خۆی لە ئاگربەستی شیاوی نوێکردنەوە، ئازادکردنی بارمتەکان لەبەرامبەر بەندکراوانی فەلەستینی و لە کۆتاییدا کۆتاییهێنان بە جەنگدا دەبینێتەوە. 
 
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، چەکدارانی فەلەستینی نزیکەی 250 ئیسرائیلییان بە بارمتە گرت. بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، 129ـیان هێشتا لە غەززەن. 
 
رۆژی شەممە، سەدان کەس لە تەلئەڤیڤ خۆپێشاندانیان کرد و داوایان کرد حکومەتەکەیان ئازادکردنی بارمتەکان مسۆگەر بکات. خۆپێشاندەران هاواریان دەکرد "بارمتەکان هەر ئێستا بگەڕێننەوە."
 
مۆران ستێلا یانایی، یەکێک لە بارمتە ئازادکراوەکان گوتی "ترسناکترین شت لە غەززە ئەوە بوو لەبیربکرێیت. مرۆڤانەترین شت کە بکرێت، گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکانە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە