کوردێک لە غەززە زۆرینەی ئەندامانی خێزانەکەی لە هێرشێکی ئاسمانیدا لەدەستدا؛ 'تاوانیان چی بوو؟'
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 8 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە کە بەشێکیان کوردانی دانیشتووی شارەکەن. محەممەد، کوردێکی دانیشتووی غەززەیە و لە هێرشێکی ئیسرائیلدا زۆرینەی ئەندامانی خێزانەکەی لەدەستداوە.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێزەکانیان لە سێ بەرەوە چوونەتە نێو کەرتی غەززە، لە ئاسمان و زەوی و دەریاوە بۆردوومانێکی چڕی کەرتەکە دەکەن. بزووتنەوەی حەماسیش دەڵێت، بەرەوڕووی هێزەکانی ئیسرائیل وەستاونەتەوە و تاوەکو دوا هەناسە دەجەنگن.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "دەمەوێت هەڵوێستی ئیسرائیلتان سەبارەت بە ئاگربەست بۆ روونبکەمەوە. هەروەک چۆن ئەمریکا دوای بۆمبارانکردنی پیرل هاربەر بە ئاگربەست رازی نەبوو یاخود دوای هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر، ئیسرائیلیش دوای هێرشە دڕندەییەکانی 7ی ئۆکتۆبەر بە ئاگربەست رازی نابێت. داواکردن بۆ ئاگربەست واتا خۆبەدەستەوەدان بە حەماس."
بەرپرسە باڵاکانی حەماس دەڵێن، ئەوەی ئیسرائیل دەیڵێت سەبارەت بە پێشڕەوییەکانیان، چەواشەکردنی رای گشتییە و شکستیان بە هێرشەکان هێناوە.
غازی حەمەد، بەرپرسی باڵای حەماس گوتی، "سەبارەت بەوەی ناویان ناوە هێرشی زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە، هەموو هەوڵێکی ئیسرائیلی داگیرکار بۆ داگیرکردنی غەززە یاخود چوونە نێو غەززە شکستیان هێناوە."
باوەڕدەکرێت زۆرینەی چەکدارانی حەماس لەژێر زەوی جموجووڵ بکەن، بەڵام ئەوەی دیارە خەڵکی سڤیلن کە زەرەرمەندی یەکەمی شەڕەکەن.
محەممەدی بەڕەچەڵەک کوردی دانیشتووی غەززە، نازانێت بۆ کام ئازیزی بگری کە لە هێرشێکی ئیسرائیل لەدەستی داون. هاوڕێ و کەسوکارەکەیشی بەدیار خەسارەتە گەورەکەی محەممەد حەپەساون.
محەممەد کوردی، دانیشتووی غەززە دەڵێت، "10 خولەک دوای نوێژی خەوتنان، بۆردوومان دەستیپێکرد، دایکم و خوشکم و پوورم و کچەکەی و منداڵی بچووک، کە چوار ساڵ و حەوت ساڵ بوون، هەموویان شەهید بوون، تاوانیان چی بوو؟"
لەگەڵ چوونی سوپای ئیسرائیل بۆ نێو غەززە، ترس لە زیادبوونی قوربانیانی سڤیل زیاتر دەبێت. بەگوێرەی ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر بڵاوبووەتەوە و ئیسرائیلیش رەتینەکردووەتەوە، تانکێکی ئیسرائیلی لەشەقامی سەلاحەدین ئۆتۆمبێلێکی سڤیل دەکاتە ئامانج.
ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە لە 9 هەزار کەس نزیکدەبێتەوە و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش لەو باوەڕەدایە شەڕەکە درێژە بکێشێت.