دانیشتووانی غەززە چیرۆکی خۆیان لە 48 کاژێری بێ ئینتەرنێت و کارەبا دەگێڕنەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە غەززە چیرۆکەکان تەواو نابن، دوای 48 کاژێر لە بڕانی کارەبا و هێڵی ئینتەرنێت، دانیشتووانەکەی بە تامەزرۆیی مۆبایلەکانیان لە رێگەی پاتریی ئۆتۆمبێلەوە بارگاوی دەکەن تاوەکو هەرچی زووە پەیوەندیی بە کەسوکار و ئازیزانیانەوە بکەن.
لەو کەرتە زۆرینەی ئۆتۆمبێلەکان لە جووڵە کەوتوون، تەنیا سوودییان پاترییەکانیانە بۆ بارگاوی کردنەوەی مۆبایل و رووناکی بۆ خەڵکەکە.
موعتەسەم ئەبو جەزار، هاووڵاتییەکی فەلەستینییە لەبارە دۆخی شارەکەیانەوە دەڵێت، "پاتری و مۆبایلەکانمان بارگاوی دەکەینەوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە کەسوکارمانەوە بکەین، کارەبا نییە؛ ئاو نییە، شتێکمان لە ماڵدا نەماوە. ماڵمان بەجێهێشتووە بۆ ئەوەی مۆبایلەکانمان بارگاوی بکەینەوە."
دوای گوشاری زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئیسرائیل هێڵی ئینتەرنێت و کارەبای بۆ غەززە گەڕاندەوە. لەگەڵ ئەوەدا غەززەییەکان دەڵێن، ئەو دوو شەوە درێژترین شەوگاری تەمەنیان بووە.
محەمەد تەلماس، دانیشتووی غەززەیە باسی ئەو دوو شەوە دەکات کە چۆن لەژێر بۆردوومانەکانی ئیسرائیل رزگارییان بووە و دەڵێت، "ئێمە رووبەڕووی چەند بۆمبێک بووینەوە واتدەزانی تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆمییە. بۆمبەکان کێشیان نزیکەی نیو تۆن دەبوو. ئینجا بێنە پێش چاوت هەموو غەززە 45 کیلۆمەترە. کاتێک بە مووشەکی دوور مەودا لێی دەدەیت کە توانای تێکدانی زەوی هەیە، توانای دروستکردنی بوومەلەرزەی هەیە، دەتوانم بڵێم وەکو قیامەت وابوو."
هەرچەندە زۆربەی ئەو هەواڵانەی پێیان دەگات خۆش نین، بەڵام غەززەییەکان ئاواتەخوازن جارێکی دیکە ئینتەرنێت و کارەبایان نەبڕێت.