لە غەززە گۆڕی کۆن بۆ بەخاکسپاردنی تەرمی نوێ هەڵدەدرێتەوە؛ 'شوێن نەماوە لە گۆڕستان'
رووداو دیجیتاڵ
لە غەززە کەسوکاری قوربانییان جارێ خەمی لەدەستدانی ئازیزانیان کۆتایی پێنەهاتووە، خەمی بەخاکسپاردنی تەرمەکانیان هاتووەتە سەر، لە گۆڕستانەکانی ئەو کەرتە بە ' نوسەیرەت' و 'دیر بلح'ـیشەوە شوێن نەماوە بۆ گۆڕی ئەو کەسانەی گیان لەدەستدەدەن. هەندێ جار گۆڕی کۆن بۆ تەرمی نوێ هەڵدەدەنەوە.
ئەبوو نوور، کەسوکاری یەکێک لە قوربانییەکانە باسی بەخاکسپاردنی مردووەکان دەکات و دەڵێت، "لەم گۆڕستانە خەڵک هەرئاوا دەنێژرێن. گۆڕستانەکە زۆر کۆنە. دەزانی چۆن، گۆڕەکان لەژێر زەوی تەرم و ئێسک و پرووسکی تێدایە، ئەوان لەلایەک کۆدەکەینەوە و 20 بۆ 25 تەرمی نوێ لە یەک گۆڕ و لەیەک شوێندا دەنێژین وەکو گۆڕی بەکۆمەڵ."
بەخاکسپاردن لە گۆڕی بە کۆمەڵ دوای زیاتر لە سێ هەفتە لە شەڕ و پێکدادان و گیانلەدەستدانی زیاتر لە 8000 فەلەستینی دێت.
زیا عاقل، دانیشتوویەکی دیکەی غەززەیە باس لەوە دەکات، "بیست رۆژ لەمەوبەر 500 شەهید لەم گۆڕستانە بەخاکسپێردران. ئێمەش ناچاربووین گۆڕی کۆن هەڵدەینەوە. شوێن نەمابوو. بەو پێیەی ژمارەیەکی زۆر لە شەهید بەیەکەوە دەهێندرێن."
بەگوتەی گۆڕهەڵکەنەکان، لەوەتەی شەڕ دەستیپێکردووە، ئەم گۆڕستانە رۆژانە 60 بۆ 70 تەرمی بۆ دەچێت.
دیمەنێک، ئیسرائیلییەکان بە نیازی بینینی نەبوون، تاوەکو لە 7ـی ئۆکتۆبەر حەماس هێرشی کردە سەر شار و شارۆچکەکانی ئیسرائیل و زیاتر لە 1400 کەسی کوشت و دەیانی دیکەشی بە بارمتە گرت.