ئیسرائیل چۆن بەرگری لەخۆی دەکات؟ تەنیا لە تەقاندنەوەی مووشەکەکان 550 ملیۆن دۆلاری خەرج کردووە


رووداو دیجیتاڵ

رۆژانە ئیسرائیل دەیان مووشەکی نەیارەکانی تێکدەشكێنێت، زیاتر لە 90٪یان هەر لە ئاسمان دەتەقێنێتەوە، ئەم بەرگرییەی ئیسرائیل بەهۆی سێ سیستمی دژەمووشەکیییە، کە ملیۆنان دۆلاری تێچووە.
 
بەگوێرەی لێدوانی سوپای ئیسرائیل، لە 11 مانگی دەستپێکردنی جەنگی لەگەڵ حەماس، تەنیا لە غەزەوە 11 هەزار مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کراون، لەوانە زیاتر لە نۆ هەزار مووشەکیان بەر زەوی نەکەوتوون و لە ئاسمان تەقێندراونەتەوە.
 
سیستمەکانی بەرگریی دژەمووشەکیی ئیسرائیل سێ دانەن، کڵاوی ئاسنین، تیخی داود و سیستمی ئۆرۆ واتە پشک. رۆژی هیوا جەمال هەندێک لە وردەکاریی سیستمەکان ئاشکرا دەکات. 
 
کڵاوی ئاسنین
 
ئیسرائیل ئەو سیستمە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مووشەکانە بەکاردەهێنێت کە لە غەززەوە ئاراستەی دەکرێن، هەر مووشەکێکی ئاراستەکراو بە دژەکەی دەتەقێندرێتەوە، هەر دژەمووشەکێک تێچووەکەی 50 هەزار دۆلارە، لە 11 مانگی رابردووی جەنگدا، حەماس زیاتر لە 11 هەزار مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، زۆرینەیان تەقێندراونەتەوە، بەوپێیە تەنیا لە تەقاندنەوەی مووشەکەکان ئیسرائیل 550 ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە.
 
سیستمەکە 90٪ـی مووشەکەکان دەتەقێنێتەوە کە ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێن. هەر مووشەکێک کە حەماس ئاراستەی ئیسرائیلی کردووە، 600 دۆلاری تێچووە، واتە حەماس بۆ 11 هەزار مووشەک 6 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری خەرجکردووە. 
 
سیستمی کڵاوی ئاسنین نوێکراوەتەوە، بڕیارە لە نێوەڕاستی 2025 بکەوێتە کار، ئەمەیان زۆر پێشکەتوو و وردترە.
 
تیخی داود
 
یەکێک لە سیستمە پێشکەوتووەکانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مووشەکی بالیستی و مووشەکی کرۆز، ئەم سیستمە بەرەنگاری ئەو مووشەکانە دەبێتەوە کە مەودایان 40-300 کیلۆمەترن.
 
سیستمەکە لە ساڵی 2017 کەوتووەتە کار، ئاستەکەی وەکو سیتمی کڵاوی ئاسنینە بۆ گەڕاندنەوەی مووشەکی نزیک مەودا و ئاستی لە سیستمی ئۆرۆ پشک زیاترە.
 
هەرچەند سیستمەکە 6 ساڵە کەوتووەتە کار، بەڵام تەنیا دووجار بەرپەرچی مووشەکی داوەتەوە، ئەویش لە مانگی ئایاری رابردوو مووشەکێک بۆ تەلئەڤیڤ نێردرا و یەکێکی دیکە بۆ ئۆرشەلیم/قودس.
 
هەروەها سیستمەکە لە سەرەتای شەڕی حەماس جارێک کاری کردووە. تێچووی یەک دژەمووشەک لەم سیستمە یەک ملیۆن دۆلارە، وردیی وەکو کڵاوەی ئاسنین نییە.
 
سیستمی ئۆرۆ (پشک)
 
سیستمەکە کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی و ئەمریکی دروستیان کردووە، بە یەکێک لە سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکان هەژمار دەکرێت، تەکەزی لەسەر مووشەکی بالستیی هێرشبەرە، دوو جۆر دژەمووشەکی هەیە: پشک 2 و پشک 3.
 
سیستمی پشک3، پیشکەوتووە و بۆ بەرەنگاربوونەوە و گەڕانەوەی مووشەکی دوورمەودا بەکاردێت، بەڵام پشک 2 بۆ گەڕاندنەوەی مووشەکی مامناوەندە.
 
ئیسرائیل لە 9ـی تشرینی دووەمی رابردوو، بۆ گەڕاندنەوەی مووشەکێکی یەمەن بەکاری هێناوە، ئەوە یەکەم بەکارهێنانی ئەو سیستمە بووە.
 
تێچووی پشک2 و پشک3 نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بۆ دوو ملیۆن دۆلارە.
 
ئیسرائیل لەم جەنگەدا لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە، نزیکەی 8 ملیار دۆلاری خەرج کردووە، کاریگەریی لەسەر بودجەی ئیسرائیل هەبووە.