سوپای ئیسرائیل: هێرشێکی زەوینیی سنووردار و ئامانجدارمان بۆ سەر لوبنان دەستپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل جووڵەی بە سەربازەکانی بەرەو سنووری لوبنان کرد و حیزبوڵڵای لوبنانیش دەڵێت، ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلییان کردوونەتە ئامانج. ئەمریکاش دەڵێت، هێرشە زەوینییەکەی ئیسرائیل "سنووردارە."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە باشووری لوبنان "دەسمان بە ئۆپەراسیۆنێکی سنووردار و ئامانجدار لە دژی حیزبوڵڵا کرد."
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئەو ناوچانەی هێرشیان دەکەنە سەر، لە سنووری ئەوان نزیکن و هەڕەشەی راستەوخۆن بۆ سەر ئیسرائیل. دەشڵێت، فڕۆکەی جەنگی پاڵپشتیی ئۆپەراسیۆنەکەیان دەکات.
نیوەشەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، سوپای ئیسرائیل بە چڕی بەیرووتی پایتەختی لوبنانی بۆردوومان کرد. بەرپرسانی ئەمنیی لوبنان رایانگەیاند، ئیسرائیل شەش جار پایتەختی بۆردوومان کردووە.
بەگوێرەی چەند گرتە ڤیدیۆیەک کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت، سوپای ئیسرائیل جووڵەی بە سەربازانی بەرەو سنووری لوبنان کردووە. ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر ئیسرائیل دانیشتووانی باشووری لوبنانی ئاگادارکردبووەوە و داوای لێکردبوون ئەو شوێنە چۆڵ بکەن.
پێشتر، بەرپرسێکی حیزبوڵڵا بە رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا بەشێوازێکی مەیدانی، سوپای ئیسرائیل بەهیچ شێوەیەک سنووری لوبنانی نەبەزاندووە. سوپای لوبنان نەکشاوەتەوە تەنیا لە هەندێک خاڵ بۆ هەندێک خاڵی تری سنووری جووڵەی پێکراوە."
رۆژی دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی زەوینیی سنووردار لە دژی حیزبوڵڵای لوبنان دەکات.