رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی باڵای داعش لە باکووری سووریا پشتڕاستدەکاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە رۆژی هەینی، هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، بە هاوکاریی هێزەکانی ئەمریکا، لە رەققە سەرکردەیەکی رێکخراوە پەڕگیرەکەیان دەستگیرکردووە.
رۆژی شەممە، 30ـی ئەیلوولی 2023، سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە: "هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، 28ی ئەیلوولی 2023، لە رێگەی هێلیکۆپتەرەوە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوویان لە باکووری سووریا ئەنجامدا و مەمدووح ئیبراهم حاجی شەیخ-یان دەستگیرکرد، کە هاوئاهەنگیکارێکی داعشە."
سێنتکۆم هەروەها دەشڵێت: لە ئۆپەراسیۆنەکەیاندا "هیچ کەسێکی سڤیل بریندار نەبوون و نەکوژران."
کۆلۆنێل ترۆی گارلۆک، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەنسی سوپای ئەمریکا دەڵێت: "سێنتکۆم پابەندە بە لەنێوبردنی بەردەوامی داعش."
هەسەدە رۆژی هەینی، 29ـی ئەیلوولی 2023، رایگەیاندبوو، مەمدووح ئیبراهیم حاجی، ناسراو بە ئەبو یوسف، رۆژی پێنجشەممە لە شاری رەققە دەستگیرکراوە. ئەم راگەیێندراوە تەنیا چوار رۆژ دوای ئەوە هات کە سوپای ئەمریکا گوتی، ئەندامێکی دیکەی ئاستباڵای داعشیان لە ناوچەکە دەستگیرکردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی هەسەدە، ئەبو یوسف "چالاکانە یارمەتیی تیرۆرستانی لە ناوچەکە داوە."
هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات کە هەڵیانکوتاوەتە سەر حەشارگەکەی لە رەققە و "بە شێوەیەکی سەرکەوتوو، دەستگیریانکردووە."
وێڕای کۆتاییهێنان بە خەلافەتی داعش لە ساڵی 2019 لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان، شانە نووستووەکانی رێکخراوە پەڕگیرەکە بەردەوامبوون لە هێرشی ناوبەناوی خوێناوی کە بووەنەتە هۆی کوژرانی دەیان کەس لە ساڵانی رابردوودا.
ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە کە بە گوتەی واشنتن، هەوڵی رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەدەن.
داعش لە ساڵی 2014 ناوچەیەکی بەرفراوانی لە عێراق، باشووری کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان کۆنترۆڵکرد و خەلافەتێکی بەناو ئیسلامیی راگەیاند. لە ساڵی 2017، دوای شەڕێکی خوێناویی سێ ساڵە، تێکشکانی خەلافەتەکە لە عێراق و باشووری کوردستان راگەیێندرا.
شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان مانگی رابردوو رایانگەیاند کە داعش تاوەکو ئێستاش لە نێوان 5 هەزار بۆ 7 هەزار ئەندامی لە عێراق، باشووری کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە و گەورەترین هەڕەشەشیان لەسەر ئەفغانستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ