مانگى تەممووز تیروپشک بۆ حاجییانى ساڵى داهاتووى عێراق دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
مانگى تەممووز تیروپشک بۆ حاجییانى عێراق بۆ ساڵى داهاتوو دەکرێت. بە گوتەى سەرۆکى دەستەى باڵاى حەج و عومرەى عێراق، ئەوەندە و نیوى ئەم ساڵ دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـى حوزەیرانی 2024، سامى مەسعودى، سەرۆکى دەستەى باڵاى حەج و عومرەى عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "تیروپشک بۆ وەرز و نیوێکى حاجییان دەکرێت، چونکە نیوەى ژمارەى حاجییانى تیروپشکى پێشوو ماون".
راگەیاندنى ئەو وادەیە هاوکات بوو لەگەڵ کۆتاییهاتنى حەجى ئەم ساڵ، کە زیاتر لە 41 هەزار حاجى لە عێراق و هەرێمى کوردستان چووبوونە حەج.
شێخ دلێر جەبار، یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى ئۆفیسی کەرکووکى دەستەى حەج و عومرەى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "داواکاریى حەج بە ئەلیکترۆنى نێردراوە، هەر شارە و پشکى خۆى دەبێت، کەرکووک پشکەکەى بۆ ئەم ساڵ 1110 حاجى بووە و هەوڵ دەدەین ژمارەکە بۆ ساڵى داهاتوو زیاتر بکەین".
پشکى جێگیرى ساڵانەى عێراق بۆ حەج 33 هەزار کەسە. بە گوتەى شێخ دلێر بەرزنجى، لەسەر بنەماى 33 ملیۆن ژمارەى دانیشتووان دیاریکراوە، لە کاتێکدا ژمارەى دانیشتووان زیاترن و ساڵانە سعودیە ژمارەکە زیاد دەکات.
بۆ هەر داواکارییەک کە پێشکێش دەکرێت بۆ حەجکردن، فۆرمێکى ئەلیکترۆنى بە بڕى 25 هەزار دینار پڕدەکرێتەوە و ناوى شارەکەى تێدا دەنووسرێت.