تەندروستیی غەززە: لە هەفتەیەکدا 5 منداڵ رەقبوونەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

تەندروستیی کەرتی غەززە دەڵێت، ئەمڕۆ منداڵێکی تەمەن 20 رۆژە لە نێوەڕاستی کەرتەکە لە سەرما رەقبووەوە، ئەمە پێنجەم منداڵە لەم هەفتەیەدا بە رەقبوونەوە بمرێت. 
 
رۆژی یەکشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2024، تەندروستیی غەززە رایگەیاند، جومعە بەترانی تەمەن 20 رۆژ، لە سەرما و بەهۆی نەبوونی گەرمکەرەوەوە گیانی لەدەستداوە.
 
تەندروستیی غەززە ئاماژە بەوەش دەکات، "برا جمکەکەشی لەژێر چاودێری دایە لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا لە نێوەڕاستی غەززە".
 
بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی کەرتی غەززە، تەنیا لەم هەفتەیەدا ئەمە پێنجەم منداڵە بەهۆی سەرماوە لەو ناوچەیە رەقببنەوە.
 
جەنگی غەززە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە دەستیپێکردووە. لەو کاتەوە زیاتر لە 45 هەزار کەس لەو کەرتە کوژراون کە لانیکەم 15 هەزاریان منداڵ بوون. ئەوە جگە لەوەی لە دوو ملیۆن و 300 هەزار دانیشتووی کەرتەکە، نزیکەی دوو ملیۆنیان ئاوارە بوون. 
 
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم ساڵ جەنگ کاریگەری لەسەر 473 ملیۆن منداڵ لە جیهاندا هەبووە. ئەمڕۆ 19٪ـی منداڵان لەو ناوچانەدا دەژین، لەکاتێکدا ساڵی 1990، 10٪یان لەو ناوچانە دەژیان. منداڵان 30٪ـی دانیشتووانن، بەڵام 40٪ـی کۆچبەران و 49٪ـی ئاوارەکان پێکدەهێنن. هەروەها، ئەم ساڵ هەزاران منداڵ لە غەززە، ئۆکراینا، سوودان، هایتی و لوبنان کوژراون.