'مقاوەمە'ـی عێراق هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل رادەگرێت

دوێنێ کاژێر 12:10
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ماوەی سێ رۆژە گرووپە چەکدارەکانی شیعەی عێراق کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن، هیچ راگەیێندراوێکیان لەبارەی هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل نەبووە. یەکێک لەو گرووپە چەکدارانەش دەڵێت، ئیسرائیل هێرش ناکاتە سەر عێراق.
 
کازم فەرتووسی، گوتەبێژی کەتائیب سەیدوشوهەدا، کە گرووپێکی چەکداری شیعەی عێراقی نزیک لە ئێرانە و خۆی بە بەرەی "مقاوەمە ئیسلامی" دەناسێنێت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەڕەشەی ئیسرائیل هەیە و بەردەوامە، رۆژانی داهاتووش ئاشکرادەبێت، کە لە جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی چەندە جدییە".
 
ئەو گرووپە چەکدارانەی کە نزیکن لە ئێران و خۆیان بە بەرەی "مقاوەمە" ناودەبن، لە 25ی ئەم مانگەوە هێرشیان نەکردووە سەر ئیسرائیل، ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر رۆژانە هێرشە درۆنییەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل بڵاودەکردەوە.
 
فەرتووسی پێیوایە، ئیسرائیل بەڵێنەکەی جێبەجێ ناکات و گوتی: "هەموو حیساباتەکان ئەوە دووپاتدەکەنەوە، کە ئیسرائیل هەڕەشەکانی بۆ لێدان لە عێراق جێبەجێ ناکات. ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەمریکا و عێراق رێککەوتنیان هەیە کە دەبێت ئەمریکا ئاسایشی عێراق بپارێزێت. ئیسرائیلیش ناتوانێت لە تەواوی ناوچەکەدا لە هێرش و پەلامارەکانی بەردەوام بێت".
 
18ى تشرینى دووەمی 2024، گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە نامەیەکدا داواى لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد گوشار بخاتە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی کۆتایی بە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بهێنێت.
 
گوتەبێژی کەتائیب سەیدوشوهەدا گوتی "ئیسرائیل ئەگەر بەنیازبێت لە عێراق بدات، پێویستی بە ئەنجوومەنی ئاسایشیی نێودەوڵەتی نابێت؛بەڵام  لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئەو هەڕەشانەی بەجدی وەربگرین، وەک هەڕەشە جەنگ وەربگرین".
 
19ى تشرینى دووەم محەممەد شیاع سوودانى وەک فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی دا رێگرى لە هەر چالاکییەکى سەربازى لە دەرەوەى دەسەڵاتى دەوڵەت و چاودێرى هەموو  چالاکییەکى ئاسمانیى "دوژمنکارانە" بکرێت.
 
حکومەت و وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەنگاوی نێوخۆیی و دەرەکییان لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق گرتووەتە بەر، داواکارییەکانی عێراق بەو ئاراستەیە بوونە کە حکومەتی عێراق جەنگی ناوێت و بەشێک نین لەو جەنگەی دروستبووە.
 
هەموو ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ئیسرائیل، گرووپە چەکدارەکان دەڵێن بۆ پشتیوانیکردنە لە فەلەستین و لوبنان.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک سەربازی هەسەدە لەکاتی مەشق و راهێنان دا. وێنە: AFP

تورکیا دەڵێت، دەکرێت هەسەدە دۆخی ئێستای سووریا لە بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، "پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ئیدلب و ناوچەکانی دەوروبەری بۆ وڵاتەکەمان پرسی لەپێشینەیە"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دەکرێت هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دۆخی ئێستای سووریا لە بەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوە.