تونێلەکانی حەماس لە تۆڕی جاڵجاڵۆکە دەچن؛ بەشێکیان 80 مەتر قووڵن

 
رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە 10 ساڵە بزووتنەوەی حەماس سەرقاڵی هەڵکەندنی تونێلە لەنێو غەززە. زۆربەی جموجووڵەکانیان لەنێو ئەو تونێلانەن. بەشێکی ئەو تونێلانە لە قووڵایی 80 مەتر لەژێر زەویدا دروستکراون. 
 
مووشەک و چەکی قورسیان تێدا هەڵگرتوون، لە کاتی هێرشی سەر تەلئەڤیڤ و شارەکانی دی سەردەردەکەن و دەیان تەقێنن، دواتر خۆیان دەشارنەوە.
 
زۆر کەس ئەو دیمەنانەیان بە پڕوپاگەندە ناودەبرد، بەڵام یەکێک لە بارمتە ئیسرائیلییەکان کە لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر رفێندرا، بە چاوی خۆی تونێلەکانی حەماسی بینیوە.
 
یۆچیڤید لیفشیتز، بارمتەی ئازادکراوی ئیسرائیلی لەو بارەیەوە دەڵێت، "چەندین کاژێر لەژێر زەوی دەڕۆیشتین، شێدار بوو. وەکو تۆڕێکی جاڵجاڵۆکە وابوو."
 
شێوازی خەمڵێندراوی تونێلەکانی حەماس لە کەرتی غەززە کە لە وێنەیەکی نێو راپۆرتەکەدا دەردەکەوێت، لە تۆڕێکی جاڵجاڵۆکە دەچێت. ئەو تونێلە بە میترۆی غەززە دەناسرێت. ئاستەنگێکی گەورەی بەردەم هێرشی زەوینی ئیسرائیلە بۆ سەر کەرتی غەززە.
 
دانیێل هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "تیرۆرستانی حەماس لەنێو نەخۆشخانەی شیفا و نەخۆشخانەکانی دیکەی غەززە جموجووڵ دەکەن و تۆڕێکیان هەیە لە تونێل کە بۆ کردەوەی تیرۆریستی بەکاریان دەهێنن. حەماس دەروازەی تونێلەکانی بردووەتە نێو نەخۆشخانەکە."
 
لە هێرشی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیلدا حەماس هیوای زۆری لەسەر ئەم تونێلانە هەڵچنیوە. حەماس و گرووپەکانی دیکەش لە شەڕەکانی رابردوودا سودیان لێ بینیوە. 
 
ئەبو حەمزە، گوتەبێژی فیرقەی قودس کە گرووپێکی چەکداری نێو غەززە و هاوپەیمانی حەماسە، دەڵێت، "شەڕی داهاتوو نهێنیی زۆر ئاشکرا دەکات کە هێزی بەرگری لەژێر زەوی، لە دەریا و لە شوێنی دیکە هەیەتی کە بە ویستی خوا دووژمن درکی پێناکات."
 
بەشێکی تونێلەکان چەندین کیلۆمەتر درێژن و نزیکەی 80 مەتریش قووڵن. هەر ئەو تونێلانە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دواخستنی ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکەی سوپای ئیسرائیلن بۆسەر ئەو ناوچەیەی فەلەستین.