سەرۆککۆماری ئێران: جیهان لەبیری ناکات کە بڕیاری کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا لە نێویۆرکەوە درا

رووداو دیجیتاڵ

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، "جیهان لەبیری ناکات کە بڕیاری کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا لە نێویۆرکەوە درا".
 
مەسعود پزیشکیان لەبارەی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "ئەمریکییەکان ناتوانن خۆیان لە هاودەستیی زایۆنییەکان بێبەری بکەن".
 
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژە بەوەش دەکات، کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا "بەرەی مقاوەمە بەهێزتر دەکات." 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، سوپای ئیسرائیل بەیانیی ئەمڕۆ کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لە هێرشێکی ئاسمانیدا راگەیاند، حیزبوڵڵای لوبنانیش دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.
 
پێشتر، رۆژی هەینی ئیسرائیل ژمارەیەک هێرشی کردە سەر بەیرووت و دوای ئەوە ژمارەیەک سەرچاوە رایانگەیاند، لە کوژرانی حیزبوڵڵا دەکۆڵنەوە.
 
بۆردوومانەکان بە درێژایی شەوی رابردوو بەردەوام بوون. حیزبوڵڵاش رایگەیاند، هێرشیان کردووە و تۆڵەیان لە ئیسرائیل کردووەتەوە.
 
بەهۆی هێرشەکانەوە هەزاران کەس لە لوبنان ئاوارەبوون و ماڵەکانیان جێهشێت.