سەتان هەزار حاجی جەژنی قوربانیان کرد

رووداو دیجیتاڵ

بەیانیی زووی یەکەم رۆژی جەژن لە ناوچەی موزدەلیفەی سعودیە، حاجییان لە پلەی گەرمیای 47 پلەی سلیزیدا تەوافیان کرد و بەردیان هەڵگرت و پێش خۆرهەڵاتن، دەستیان بە رەجمی ئەهریمەن کرد.
 
سەمیر خەنیم، حاجیێکی یەمەنییە و دەڵێ "هەستێکی سەیرم هەیە، وەکو ئەوە وایە لە بەهەشتدا بم. خەڵک لە تەواوی جیهانەوە هاتوون و لێرە نزا دەکەن".
 
دوای رەجمکردن، حاجییان ئاژەڵ دەکەنە قوربانی و دواتر قژیان دەبڕن. پاشان دەتوانن بەرگی ئیحرام دابکەنن و دوای رەجمی دیکە، تەوافی ماڵئاوایی دەکەن.
 
جۆن عەلی، حاجیێکی دیکەیە باسی ئەوە دەکات "کاتێک حەج دەکەم، خودای گەورە پاداشتم دەداتەوە. نزای خێر بۆ موسڵمانان دەکەم".
 
ئەمساڵ نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس بۆ حەج چوونەتە سعودیە. ساڵی 2015، لە ناوچەی مینا بەهۆی پاڵەپەستۆوە دوو هەزار و 300 کەس گیانیان لەدەستدا. ساڵی 2006، 364 لە هەمان شوێن مردن. سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ پلەی گەرما 47 پلەی سلیزی بووە، بەڵام هیچ رووداوێکی نەخوازراو رووینەداوە.