کچی قاسم سولەیمانی لەگەڵ کوڕی بەرپرسێکی باڵای حیزبوڵڵای لوبنان هاوسەرگیری کرد
رووداو دیجیتاڵ
زەینەب سولەیمانی کچی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی ئێران، لەگەڵ رەزا هاشم سەیفی کوڕی هاشم سەیفی جێگری بەڕێوبەرایەتی حیزبوڵڵای لوبنان هاوسەرگیری کرد.
زەینەب موغنیە کچی عیماد موغنیە، فەرماندەی پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی هەواڵەکەی راگەیاندووە، ئەگەرچی تاوەکو ئێستا لەلایەن بنەماڵەی قاسم سولەیمانییەوە پشتڕاسنەکراوەتەوە.
زەینەب سولەیمانی کێیە؟
زەینەب سولەیمانی بچووکترین منداڵی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی سوپای قودسە و لەساڵی 1991 لەدایکبووە و تەمەنی 29 ساڵە. دوو برا و خوشکێکی هەیە و دوای رووداوی کوشتنی باوکی لە بەغدا، بەهۆی دەرکەوتن و قسەکانی ناوبانگی پەیداکرد.
یەکێک لەو قسانەی کە لە جیهان دەنگیدابووەوە هۆشدارییەکەی بوو بە خێزانی سەربازانی ئەمریکی و لەکاتی پێشوازیکردن لە تەرمی باوکی گوتی "خێزانەکانی سەربازە ئەمریکییەکان لە رۆژئاوای ئاسیا کە لە گۆڕەپانەکانی شەڕ لە سووریا، عێراق، لوبنان، ئەفغانستان، یەمەن و فەلەستین، سەرشۆڕ بوون لەمەولا رۆژەکانیان لە چاوەڕێی مردنی رۆڵەکانیاندا بەڕێدەکەن".
زەینەب سولەیمانی هەروەها لە زۆربەی گوتارەکانی و هەروەها لێدوانەکانی خۆشەویستیی خۆی بۆ سەرکردەکانی حیزبوڵڵای لوبنان دەردەبڕی و بەتایبەت بۆ حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان. لەیەکێک لە لێدوانەکانیشیدا وەکوو مامی خۆی ناوی هێنابوو و، گوتبووی "مامە حەسەن تۆڵەی باوکم دەبێ تۆ بیستێنی".
بەڵام هاشم سەیفەدین باوکی رەزا سەیفەدین کێیە؟
هاشم سەیفەدین کە دەبێتە خەزووری زەینەب سولەیمانی تەمەنی 56 ساڵە و سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری حیزبوڵڵای لوبنان و یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی ئەو گرووپە.
هاشم سەیفەدین ئامۆزای دایکی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوباننە و بەهۆی بەرپرسیاریەتی لە ئەنجوومەنی جێبەجێکاری حیزبوڵڵا چاودێریی هەموو چالاکییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی حیزبوڵڵا دەکات.