حاجییان لە 43 پلەی سلیزیدا چوونە سەر کێوی عەرەفە؛ 'هیچ شتێک بەم رۆژە بەراورد ناکرێت'

 
رووداو دیجیتاڵ

حاجییان لە چوارچێوەی رێوڕەسمی بەجێهێنانی فەریزەی حەج نوێژی نیوەڕۆ و عەسریان لە مزگەوتی نەمیرە لە پلەی گەرمای 43 پلەی سلیزیدا ئەنجامدا؛ دوای نوێژ لەوێوە بەڕێکەوتن بۆ سەر کێوی عەرەفە.
 
چوونە سەر کێوی عەرەفە رۆژێک بەر لە جەژنی قوربان، گەورەترین رووکنی حەجە، پێغەمبەری ئیسلامیش (د. خ) دوایین گوتاری لەسەر ئەو کێوە پێشکێش کردووە کە بە حەجی ماڵئاوایی ناسراوە.
 
شەعبان، حاجیی میسری دەڵێت، "ناتوانم گوزارشت لە هەستەکانم بکەم، فرمێسک لە چاوەکانم دەڕژێن. هەستێکم هەیە بە وشە وەسف ناکرێت. هیچ شتێک بەم رۆژە بەراورد ناکرێت."
 
دواتر حاجییان لە کێوی عەرەفەوە بۆ ناوچەی موزدەلیفە بەڕێدەکەون و لەوێ نوێژی ئێوارە و خەوتنان پێکەوە دەکەن و شەو لەوێ دەخەون.
 
حاجییان هەر لە موزدەلیفە بەرد هەڵدەگرن بۆ رەجمی ئەهریمەن؛ یەکەم رۆژی جەژن رەجم دەکەن و دواتر ئاژەڵ دەکەنە قوربانی و پاشان قەسر دەکەن.
 
ئیبراهیم محەممەد، حاجیی سوودانی ئاماژە بەوە دەکات، "هاتینە ئێرە بۆ خاکی پیرۆز، ئەمە بەخشندەیی خودایە، هیوادارم ئەم دەرفەتە بۆ هەموو ئەوانە بڕەخسێت کە حەز دەکەن جەژن بکەن."
 
دوای ئەوانەش، حاجییان دەتوانن بەرگی ئیحرام دابکەنن و دوای رەجمێکی دیکەی ئەهریمەن، تەوافی ماڵئاوایی دەکەن.