خاڵە گرنگەکانی رێککەوتنی ئیسرائیل و لوبنان لەسەر ئاگربەست چین؟
رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە 13 مانگ شەڕ لەنێوان حیزبوڵڵای لوبنانی و سوپای ئیسرائیل، کابینەی جەنگیی ئیسرائیل رێککەوتنی ئاگربەستی پەسند کرد.
بەگوێرەی خاڵەکانی ئاگربەست، پێویستە سوپای ئیسرائیل لەماوەی 60 رۆژدا لە باشووری لوبنان بکشێتەوە و نابێت هیچ گرووپێکی چەکدارییش لە باشووری لوبنان بمێنێت.
ئەمانەی خوارەوە خاڵە گرنگەکانی رێککەوتنی ئاگربەستی لوبنانن:
- حیزبوڵڵا و سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی دیکە لەنێو خاکی لوبنان مافی ئەوەیان نییە هیچ جموجووڵێکی سەربازی بەرامبەر ئیسرائیل ئەنجام بدەن.
- نابێت ئیسرائیل هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەنێو خاکی لوبنان (زەوینی، ئاسمانی، دەریایی) ئەنجام بدات.
- ئیسرائیل و لوبنان دان بە گرنگی پرۆژە بڕیاری 1701ی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەنێن.
- ئەو پابەندییە ماف لە ئیسرائیل و لوبنان بۆ بەرگریکردن لە خاکی خۆیان وەرناگرێتەوە.
- سوپای لوبنان تاکە هێزی سەربازی دەبێت کە دەتوانێت لە ناوچەکانی باشووری لوبنان چەکی پێ بێت و جموجووڵی هەبێت.
- هەر مامەڵەیەک بە چەک و تەقەمەنییەوە لەنێو لوبنان، دەبێت لەژێر چاودێریی و کۆنترۆڵی حکومەتی لوبنان بێت.
- هەر کارگەیەک یان ناوەندێکی دروستکردنی چەک و تەقەمەنی لە لوبنان کە نایاسایی بێت، لەنێودەبردرێت.
- هەر بنکە و کۆگایەکی سەربازی مۆڵەتی نەبێت، لەنێودەبرێت و هەموو چەکێکی بێ موڵەتیش دەستی بەسەردا دەگیرێت.
- لیژنەیەکی تایبەت کە لەلایەن لوبنان و ئیسرائیلەوە پەسندکراو بێت، پێکدەهێندرێت و لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی ئاگربەست هاوکار دەبێت.
- لوبنان هێزە فەرمییەکانی و سوپا لە ناوچە سنوورییەکان و خاڵە پشکنینەکان جێگیر دەکات.
- ئیسرائیل بەشێوەی قۆناخ بە قۆناخ و لە ماوەی 60 رۆژدا هێزەکانی لە باشووری هێڵی شینی ناوچە سنوورییەکان دەکشێنێتەوە.
- ئەمریکا کار بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر خاڵە سنوورییەکان دەکات.